لاهور جەنگی و چەکدارەکانی چەک دەکرێن

لەدوای ڕووداوەکانی ھەشتی تەمووز و دوورخستنوەی لاھوور جەنگی و تاقمەکەی، چەندین کەسی نزیک لە لاھوور جەنگی، بە چەکی قورس و چەکی سووک لەناو شاری سلێمانی خۆیان نمایش دەکەن، بەڵام لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی بڕیاری دا، چەندین بازگە لەناو شاری سلێمانی جێگیر بکات، بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی چەکداری و نەھێشتنی ھەموو جووڵەیەکی چەک لەدەروەی یاسا.

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیاندراوێکیدا بڵاوی کردەوە و ڕایگەیاند “لەپێناو پاراستنی دۆخی ئەمنیی شاری سلێمانی، ھێزە ئەمنییە ھاوبەشەکان ئاگادار کراونەتەوە، ھەوڵەکانی خۆیان بۆ بەبڕکردنی دیاردەی چەکداری چڕ بکەنەوە و ڕاکردووان و تۆمەتباران بە کەیسی جۆراوجۆریش، دەستگیر دەکرێن”.

بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردراوە، ھەوڵەکانی خۆیان بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی چەکداری و ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت چڕتر بکەنەوە و ڕێگە بگرن لە ھەموو جۆرە جووڵەیەک و هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی لەدەرەوەی یاسا.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، کە شەوی ڕابردوو بڵاوکرایەوە و وێنەیەکی دەست (باسنیوز) کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە، لە رێکەوتی 10/ 11/ 2021، ھەرچیی دیاردەی چەکداری هەیە، لە چەکی بێ مۆڵەت و جوولەی چەك و تەقەمەنی لەدەرەوەی یاسا، دەستیان بەسەردا دەگیرێ و کۆنترۆڵ دەکرێن، ڕاکردووان و تۆمەتبارانیش بە کەیسی جۆراوجۆری یاسایی، دەستگیر دەکرێن و ڕادەستی دادگاکان دەکرێن.

لە ڕاگەیاندراوەکەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەش کراوە، تەواوەی ھێزە ھاوبەشە ئەمنییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕادەسپێردرێن، ھەموو دیاردەیەکی نامۆ و ناشارستانی، کە ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و ژیان و گوزەرانی ئاسایی ھاووڵاتییان، بنەبڕ بکەن. ھەر جۆرە جووڵەپێکردنێکی ھێزیش بە ئاگاداری و رەزامەندیی لیژنە ئەمنییەکە دەبێت و جگە لە ئیجرائاتی بنەبڕکردنی دیاردەی چەکداری و چەکی بێ مۆڵەت، ئیجرائاتی یاسایی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بێ مانفێست و جام ڕەش و پلیتگۆڕین جێبەجێ دەکرێن، بۆ ئەوەی ھیچ درزێکی ئەمنی روونەدات، کە ئۆقرەیی و ئارامیی شار تێکبدات.

لەمبارەوە، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە ئەمڕۆوە سەرجەم ھێزە ھاوبەشە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بۆ بنبڕکردنی دیاردەی چەکداری و ئۆتۆمبێلی جامڕەش و ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا”.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەو بازگانەی ھێزە ھاوبەشە ئەمنییەکانی تێدا جێگیر کراوە. دەست بەسەر چەندین چەکدا گیراوە، بەڵام “ھەڵمەتەکەی ئەمجارە زۆر بە چڕی دەستی پێکردووە و بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەی دەتوانین دیاردەی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بنبڕ بکەین”.لیژنەی ئەمنیی سلێمانی، دارودەستەی لاهوور جەنگی چەك دەكەن.

ھەواڵی زیاتر