مەسرور بارزانی: پێویستە هەموومان نموونەیەکی جوانی حوکمڕانی نیشان بدەین

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە هەمووان پێکەوە نموونەیەکی جوانی حوکمڕانی نیشان بدەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 7-11-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە گوندی کۆری لە هەولێر، دانا.

لە وتارێکدا لە رێوڕەسمەکەدا، مەسرور بارزانی رایگەیاند: بەداخەوە بەهۆی بارانبارینەوە زەرەر و زیان بەو ناوچەیە کەوت.

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان ئامادەبوانی هێژا

بەیانیتان باش

زۆر بەخێر بێن

هەفتەیەك پێش ئێستا، بەداخەوە بەهۆی بارانبارینێكی زۆر هەروەك باس كرا، لێرە زەرەر و زیان بەر هەم كۆمەڵگەیە كەوت. كە من هاتم سەردانم كرد، شتێك زۆر سەرنجی راكێشام، یەكێك لە كوڕە گەنجەكانی دانیشتووی ئەم كۆمەڵگەیە لە جیاتی ئەوەی داوای شتێك بۆ خۆی بكات، گوتی ئێمە قوتابخانەمان نییە، ئەگەر بكرێ قوتابخانەیەكمان بۆ بكەن. ئەوەی ئێمە پێمانكرا ئەوكاتەش بەڵێنم دا و گوتم ئەوەی پێمان بكرێ بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی زیانیان بەركەوتووە، درێغی ناكەین. ئەمڕۆش لێرەین بۆ ئەوەی بەڵێنەكەی خۆمان جێبەجێ بكەین.

هەر ئەوكاتە پەیوەندیم كرد بە حكوومەتی عێراق بەڕێز مستەفا كازمی و داوام كرد لە بودجەی تەواری ئەگەر پێیان بكرێ یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن وەكوو مافی ئەو خەڵكە، بەڵێنی پێدام ئەوانیش بە بڕێك پارە هاوكاریمان بكەن، بەڵام چاوەڕێی ئەوەمان نەكرد و هەر لەو كاتە من پارێزگاری هەولێر و وەزیری شارەوانی و بەڕێزانی دیكەی پەیوەندیدار بەو بابەتەم راسپارد تاوەكوو قەرەبووی ئەو خەڵكە بقەبڵێنن و بزانین چیمان پێ دەكرێ بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین. بە سوپاسەوە هەموو ئەو بەرپرسە ئیدارییانەی لەو كاتە لەگەل ئەو خەڵكە خەریك بوون، لە پاككردنەوە و ڕزگاركردنی ژیانی ئەو خەڵكە و دواتر قەبڵاندنی زەرەر و زیانەكان و پرۆسەی قەرەبووكردنەوەی خەڵكیش هەر لە سەرەتاوە لەگەڵیاندابوون، من دەستخۆشییان لێ دەكەم و هیوادارم نموونەیان زۆر بێت.

ھەواڵی زیاتر