وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراقی بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات.
دەقی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا.
کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 6-11-2021 هێزەکانی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازییان دەستپێکرد و لە کاتژمێر ۱۲،۳۰ هەردوو هێزەکە لەنێوان بۆشاییە ئەمنیەکانی نێوان میحوەرەکانی یەک و دووی ئۆپەراسیۆن بەیەک گەیشتن.
لەمیانی بەیەکگەیشتنەکەدا، بەئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی فەرەنسا لەعێراق، دیدارێکی هاوبەش لەنێوان فەرماندەی میحوەری (مەخمورـ دیبەگە)و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی (نەینەوا) بەڕێوەچوو.
ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکانی کوشافی سەروو و کوشافی خواروو ئەنجام درا تیاییدا ناوچەکە لەپاشماوەکانی داعش و تیرۆریستان، کە دەکەونە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەتەواوی پشکنران و پاککرانەوە.
بەشێکی تری ئۆپەراسیۆنەکە پاککردنەوەی ئەو دوورگە ناوەندییە دووردەستانە بوون، کە کەوتونەتە سەر زێی گەورەو تیرۆریستان وەک مۆڵگەی خۆیان بەکاریان دەهێنا.
ئەمە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقە کە لەو ناوچانە ئەنجامبدرێت، ئەمەش دوای گەیشتنە رێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگه و سوپای عێراق دێت لە دروستکردنی بنکەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەولێر ـ بەغدا و چوار بنکەی هاوبەشی تر.
لەدواین دیدارە بەردەوامەکانی وەفدی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەرکان و وەفدی باڵای عێراقی بەسەرۆکایەتی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، هێزەکان ئەرکداردەکرێن بە پاراستنی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە. کە بەهاوبەشی هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق بپارێزرێت.