وەزارەتی دارایی لەم ڕێککەوتەوە مووچەیەکی دوو مووچەکان دەبڕێ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لێبڕینی مووچە لەو مووچەخۆرانەی کە دوو مووچەیان وەرگرتووە لە پێش 1-7-2020 رادەگیرێت و چیدیکە لێیان وەرناگیرێتەوە و تەنیا ئەو مووچەیە وەردەگرن کە خۆیان هەڵیان بژاردووە.

رۆژی 4-11-2021 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی لەسەرە.

نووسراوەکە ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکان و فەرمانگە نەبەستراوەکانی وەزارەت کراوە و تێیدا هاتووە، بەپێی ماددەی 14/ یەکەم لە یاسای چاکسازی ژمارە 2ی ساڵی 2020 کە ناوەڕۆکەکەی (جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە ئاسەواری دارایی و دادوەری لێ ناکەوێتەوە بۆ حاڵەتەکانی پێش کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر ئەو کەسانەی کە دەیانگرێتەوە). 

لە خاڵێکی نووسراوەکەدا هاتووە، هەر مووچەخۆرێک لە دوای 1-7-2020 دوو مووچەی وەرگرتبێت، مووچە زیادەکەی لێوەردەگیرێتەوە و تەنیا یەک مووچە وەردەگرێت.

رۆژی 6-9-2021 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوانەی لە دوای 1-07-2020 دوو مووچەیان وەرگرتووە لێیان وەردەگیرێتەوە، بەڵام ئەوەی لە پێش ئەو بەروارە دوو مووچەیان وەرگرتووە لێیان وەرناگیرێتەوە. 

هەر ئەو کات بە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی ئەم رێنماییانە بڵاوکرانەوە:

بڕیارماندا بە دەرکردنی ئەو رێنماییانەی خوارەوە:

1. بڕی ئەو مووچانەی کە وەرگیراوە لەلایەن ئەو مووچەخۆرانەوە کە زیاتر لە مووچەیەکیان وەرگرتووە پێش 1-07-2020 لێیان وەرناگیرێتەوە. 

2. ئەوانەی لە دوای 1-07-2020 زیاتر لە مووچەیەکیان وەرگرتووە لێیان وەردەگیرێتەوە و تەنیا ئەو مووچەیە وەردەگرێت کە خۆی هەڵی بژاردووە. هەر بڕە پارەیەکیش لە پێش ئەو بەروارە لێیان وەرگیرابێت، بۆیان دەگەڕێندرێتەوە.

3. بڕی لێوەرگیرانەوەکە لە مووچەخۆر کە لە بڕگەی 2 هاتووە بە رێژەی (5/1)ی کۆی مووچەکەی [بنەڕەتی و دەرماڵە] زیاتر نەبێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو رێنماییە لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە و لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت.

ھەواڵی زیاتر