چەندین سەرکردەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەشتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیان کردوە و گومان دەکرێ بەشێكیان بۆ پشکنینی جۆراوجۆر لە نێویشیاندا پشكنینی ئەگەری ژەهرخواردكردنیان ڕۆشتبنز چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت ”متمانە لە نێوانیاندا نەماوە، ترسیان لە ژیان و تەندروستیی خۆیان هەیە“.
دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی، لاهوور جەنگی بە ژەهرخواردکردنی خۆی تۆمەتبار کرد و تەواوی دەسەڵاتەکانی کە وەکوو هاوسەرۆکی یەکێتی هەیبوو لێسەندەوە، ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی یەکێتیش گومانیان لە تەندروستیی خۆیان کرد.
بەپێی میدیاکانی سلێمانی نزیک لە یەکێتی، ئێستا جگه له مهلا بهختیار كه بهمهبهستى چارهسهر لە ئەڵمانیایە، هەریەک لە حاكم قادر حەمەجان و جهعفهر شێخ مستهفا، ئهندامانى ئهنجوومهنی باڵای سیاسی و سهعدى ئهحمهد پیره، ئهندامی مهكتهبى سیاسى و شاناز ئیبراهیم ئهحمهد، كارگێڕی مهكتهبی سیاسیی یەكێتی، كوردستانیان بهرهو وڵاتانى دهرهوه جێهێشتووە، کە گومان دەکرێ زۆربەیان بۆ ئەنجامدانی پشکنین ڕۆشتبن.
هەر لەمبارەیەوە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ١٠ی ٢٠٢١، تۆڕی پاراستنی تەندروستیی گشتی كە گرووپێك لە پزیشكان پێكیانهێناوە، لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، ”زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتی لە دەرەوەی وڵاتن كە بەشێكیان بۆ چارەسەری پزیشكی چوونەتە دەرەوە“.
هاوكات ڕەخنەی ئەوەیان لەو حزبە گرت كە ”لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا نیوەی دەسەڵاتی تەندروستیی کوردستان لەلای یەكێتی بووە و دە ساڵ زیاتر وەزیری تەندروستی دەستنیشان کردووە. بەڵام ئەو حزبە بەناو سۆشیال دیموکراتە لە نەخۆشخانەی تایبەت و کۆمپانیای حزبی بۆ کەرتی تەندروستی هیچی دیکەی نەکردووە. ئەوە جگە لە دەیان پرۆژەی نیمچە تەواو بوو و گەندەڵیی گەورە لە بواری تەندروستیدا. بەڵگەش ئەوەیە کە زۆربەی سەرکردەکانی یەکێتی بۆ چارەسەری پزیشکی دەچنە دەرەوەی وڵات و تەنانەت متمانەیان بەو نەخۆشخانە تایبەتانەش نییە کە خۆیان دروستیان کردووە“.
هەر لەمبارەوە، د. مەدحەت سلێمان، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، کێشەکە نەبوونی متمانەیە لەبەرئەوەی متمانەیان بە یەکتری نییە و ئەو گرووپەی ناو یەکێتی کە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان ئەنجامداوە و دەستیان لە ژەهرخواردکردنی بافڵ تاڵەبانی هەیە، ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ئێستا کە نەخۆش بکەوێ، گومان دەکات ژەهرخوارد کرابێت، بە تایبەتیش ئەو سەرکردانەی لە دوای رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر پەنجەی تۆمەتیان بە ئاشکرا لەسەر ئەو گرووپە دانا“.
گوتیشی: ”ئەو هەویرە زۆری دەوێت و لەمەودوا هەر سەرکردەیەکی یەکێتی نەخۆش بکەوێ، گومان دەکات ژەهرخوارد کرابێت و بەپەلە دەڕواتە وڵاتانی ئەورووپا و پێشکەوتوو بۆ ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی، ئیتر ئەگەر شەربەتێک یان ئاوێکیان لەگەڵ ئەو گرووپە خواردبێتەوە، ئەوە گومانی زیاتر لەسەر ژیانی خۆیان دەکەن، ئەو دۆخەش بۆ ناوخۆی یەکێتی مەترسیدارە و ئەگەری کێشەی قووڵ و بەیەکدادان دەکرێ لە ناوخۆدا“.
ئەو چاودێرە سیاسییە راشیگەیاند، زۆربەی سەرکردەکانی شاخی یەکێتی متمانەیان بەو گرووپەی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر نییە، ئەوەش وایکردوە زیاتر ئەوانە ترسیان هەبێ لە ژەهرخواردکردنیان و بۆ پشکنین بڕۆنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، تاوەکوو لە تاقیگەی وڵاتانی پێشکەوتوو ١٠٠٪ لە دۆخی تەندروستیی خۆیان دڵنیا ببنەوە.
باس نیوز