ئەو منداڵەی باوکی لەسەر نان نەخواردن لێیدابوو، گیانی لەدەستدا

لە دیلۆکی باکووری کوردستان هاونیشتمانییەک بەناوی محەممەد یەڵماز، لەسەر نان نەخواردن لە کچە تەمەن 18 مانگانەکەی بەناوی (ئەلیف هازاڵ یڵماز)ـی دابوو، ئەمڕۆ کچەکەی گیانی لەدەستدا

رووداوەکە 19ـی ئەم مانگە واتا چوار رۆژ لەمەوبەر روویدا. لەو رۆژەدا دیوگو یەڵماز کە مانگێک لەمەوبەر منداڵی ببوو، سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو. هاوژینەکەی محەممەد یەڵماز لەگەڵ کچەکەیان ئەلیف لە ماڵەوە ببوون. لەوکاتەدا محەممەد یەڵماز هەوڵیداوە خواردن بە ئەلیف بدات، بەڵام ئەلیف نەیخواردووە و رەتیکردووەتەوە. لەبەر ئەوە محەممەد یەڵمازی باوکی بە مشتەکۆڵە لێیداوە. دوای ئەوەی ئەلیف بە زەبری لێدانەکە دەکەوێتە سەر زەوی و جووڵەی نامێنێت، باوکی پەیوەندی بە تیمەکانی تەندروستییەوە دەکات.

ئەلیف راستەوخۆ گواستراوەتەوە بەشی چاودێریی چڕ. سەرەڕای هەوڵی پزیشکەکان ئەمڕۆ شەممە 23-10-2021 ئەلیف لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.   

پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کرد و محەممەد یەڵماز، بکوژی کچە تەمەن 1.5 ساڵانەکەی دەستگیرکردووە، بەپێی زانیارییەکانی ئاسایشی دیلۆک، محەممەد یەڵماز دانی بەوەدا ناوە کە بە مشتەکۆڵە لە کچەکەی خۆی داوە و گوتوویەتی، “ویستم نان بە کچەکەم بدەم و خوانم بۆ دانا، بەڵام ئەو نەیخوارد و سەموونەکەی فڕێدا. ئەوکاتە من لێمدا’.’

دوای راییکردنی کارەکانی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دیلۆک، گواسترایەوە گرتووخانە و بە بڕیاری دادوەر دەستبەسەرکرا.

گۆکچە گولەن ئاکچین، سەرۆکی پرۆگرامی پێگەیاندنی منداڵ لە تورکیا، لە شوباتی 2021 رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کە خۆیان لە 28 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیادا و بە بەشداریی هەزار و 873 خێزان ئەنجامیانداوە، بەکارهێنانی تووندوتیژیی نێو خێزان بەرامبەر منداڵی کچ 27.8٪ زیادیکردووە.

رووداو

ھەواڵی زیاتر