هەڤاڵ ئەبوبەكر: پێویستە ببین بە نەوشیروان مستەفا
بەبۆنەی یادی 11 ساڵەی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان ، هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی گەورەیە و یادی دامەزراندنی بزوتنەوەكەش 25-7 ڕۆژی هەستانەوەی هەستی ئینسانیی، مەدەنیی، نیشتمانیی و ڕۆژی دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن و لەخەوڕاچڵەکینی دەسەڵاتە تەقلیدیییەکانە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت: لە ڕۆژیی داەزراندنی گۆڕاندا بۆئەوەی گۆڕان بەهەمان بیرو بڕواو باوەڕو وتارو ڕەفتارو ڕوئیا، بەهەمان گیان و بەرنامەو ئامانجەوە بەردەوام بێت، پێویستمان بە نەوشیروانبوونە ودەبێت هەموومان ببینە نەوشیروان مستەفا.
دەقی پەیامەکە:
ڕۆژی هەستانەوەی هەستی ئینسانیی و مەدەنیی و نیشتمانیی،
ڕۆژی ئیرادەی گشتیی و موکوڕبوون و شێرگیریی لەسەر دادپەروەریی و ئازادیی و سەروەریی یاساو حکومەتی هاووڵاتیی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکترو شەفافیەت و لێپرسینەوە.
ڕۆژی بەخۆداچوونەوەی نیشتمانیی و ئەجێنداو پڕۆژەو پاکێژی نیشتمانیی.
ڕۆژی بەیەکەوەبوون و کۆبوونەوەی هەموو جیاوازو ناکۆکەکان بۆ ئامانجە گشتیی و مەزنەکان.
ڕۆژی دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن و لەخەوڕاچڵەکینی دەسەڵاتە تەقلیدییەکان.
ڕۆژی گۆڕانکاریی لە خودو لە کەس و لە دەستەو لە کۆمەڵ و لە کۆمەڵگا.
ڕۆژی دروستکردنی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی مەدەنیی و پەرلەمانیی و هەڵبژاردنی دەنگ و ڕەنگی ڕاست و ڕەواو دیاری هاووڵاتیان بۆ شاڕێی گۆڕانکارییەکان.
ڕۆژی کۆتاییهێنان بە خۆسەپێنیی و خۆپەرستیی و کودەتاو شەڕی ناوخۆو براکوژیی و ململانێ خوێناوییەکان.
ڕۆژی داگیرساندنی ئەو مۆمانەی دەسوتێن و هەموو دنیا ڕۆشن دەکەنەوە، ڕۆژی خۆنەویستیی و بەخشش و خۆبەخشیی.
لەم ڕۆژەدا سڵاو لە نەوشیروان مستەفا و هەموو ئەوانەی بەیەکەوە کۆبوونەوە بۆئەوەی پەرتیی و نەهامەتیی و نادادیی و چەقبەستوویی و بێمتمانەیی و نائومێدی و ترس و تۆقاندن و بێدەرەتانی، تێبپەڕێنن.
سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی پشتیوان و قەڵغان و هاودەنگ و هاوکارو هەماهەنگ و هەڵسوڕاوی (گۆڕان) بوون.
لە ئەمڕۆدا بۆئەوەی گۆڕان بەهەمان بیرو بڕواو باوەڕو وتارو ڕەفتارو ڕوئیا، بەهەمان گیان و بەرنامەو ئامانجەوە بەردەوام بێت، پێویستمان بە نەوشیروانبوونە، بە ژیاندنەوەی گیانی گۆڕانکاریی ڕاستەقینەیە لە خۆماندا پێش ئەوانی تر، گۆڕانبوون تەنها پەیوەست نییە بە گردەکەی گۆڕانەوە، گۆڕانبوون وابەستەی هەموو ئەو کەس و ئیرادەو بیرکردنەوە سترایتیژیی و دوربینی و خەڵکبینی و دنیابینی و ڕێکخستن و ئاراستەکردنی حوکمڕانیی و کایە ئارامیی و ئاسایش و ئاشتیی و ئابوورییانەیە کە کۆمەڵگاو نەتەوەو نیشتمان بەرەو باشتر، بەرەو چاکتر بەرەو، جوانترو شایستەترو شایانتر دەگۆڕن، ئیتر لە هەر پنتێکی ئەم گەردونەدا بن، گۆڕان بووبن یان نەبووبن، دڵشاد بووبن یان دڵشکاو، نزیک بن یان دوور، بیانەوێت یان نەیانەوێت، بەیاربن یان نەیار، لە هەرکوێ بن، گۆڕانن؛ بۆئەوەی مرۆڤ و ژیان و سیستم و دنیا بگۆڕن، نەک تەنها هێزێکی سیاسیی تر بخەنە سەر خەرمانی بێبەرەکەتی حیزبایەتی لە کوردستاندا.
بەرزو پیرۆز بێت یادی پڕ یادەوەریی و هیوابەخشی نیشتمانیانەی بزوتنەوەی گۆڕان.