مستەفا کازمی: بە عێراقییەکان دەڵێم دەنگتان بدەن، دەنگتان بدەن، دەنگتان بدەن
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا رایگەیاند، لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدا بوون و بەسەریاندا سەرکەوتن، دەبووایە هەڵبژاردنەکان لە 6ـی حوزەیران بەڕێوەچووبان، “هەندێک ویستیان دوای بخەن بۆ بەهاری 2022، ئێمە خستمانە 10ـی ئۆکتۆبەر”.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لەیەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە شاری بەغدا دەنگی دا، بە میدیاکانی راگەیاند، “رۆژی هەینی هەڵبژاردنی تایبەت بوو، ئەمڕۆش هەڵبژاردنی گشتییە، پێویستە واقیعی خۆمان بگۆڕین، بە عێراقییەکان دەڵێم دەنگتان بدەن، دەنگتان بدەن دەنگتان بدەن”.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پیشوەخت و ئەنجام و کاریگەرییەکانی بەسەر داهاتووی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، “ویستم ئەمڕۆ یەکەم کەس بم لەم بنکەی دەنگدان دەنگی خۆم بدەم، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەم کردووە، دەبووایە هەڵبژاردنەکان لە 6ـی حوزەیران بەڕێوەچووبان، هەندێک داوایانکرد دوایبخەن بۆ بەهاری 2022، بەڵام گوتم نەخێر، پێویستە لە 10ـی ئۆکتۆبەر ئەنجام بدرێت، ئێمە بەڵێنمان بە گەلەکەمان دا و بەڵێنەکەمان بردەسەر، لەگەڵ گەلەکەماندا راستگۆ بووین، ئەوە دەرفەتە بۆ گۆڕان، سەرەڕای ئەوەی هەندێک کەس گومانیان هەبوو کە لە 10ـی مانگ هەڵبژاردنەکان بکرێت، ئێستا مەرەکەبی شین بە پەنجەمەوەیە، پشت بە خودا بە پەنجەی هەموو عێراقییەکەوە دەبێت”.
دەربارەی بەهای دەنگی عێراقییەکان لەم هەڵبژاردنەدا، کازمی داوای لە خەڵک کرد دەنگ بدەن و “دەتوانن بە دەنگەکانتان دۆخی ئێستای وڵات بۆ باشتر بگۆڕن”. هاوکات دوو بانگەوازی کرد و گوتی، “پێویستە هەموومان بەشداربین لە گۆڕینی واقیعەکەمان، بانگەوازم بۆ عێراقییەکان ئەوەیە، وەرنە دەرەوە، دەنگ بدەن، واقیعتان بگۆڕن لەپێناو عێراق و لەپێناو داهاتووتان. بانگەوازی دووەمم بۆ ئەوانەی دوودڵن لە دەنگدان، پشت بە خودا ببەستن و بڕۆن دەنگ بەو کەسە بدەن کە پێتانوایە گونجاوە بۆ داهاتووی خۆتان و داهاتووی عێراق، ئەمە یەکەم هەڵبژاردنە لەدوای ساڵی 2003 کە بەبێ قەدەخەی هاتووچۆ بەڕێوەدەچێت”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، بەشداریی لەم هەڵبژاردنەدا کردووە بۆئەوەی پەیامێک بۆ گەل بنێرێت و بڵێت “دەسەڵاتدار خزمەتکاری گەلە، دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتی هەبوو بەهۆی رووداوەکانی تشرین کە داوای چاکسازییەکی راستگۆیانەی دەکرد، بۆیە دەبێت هەموومان بەشداری بکەین لە گۆڕینی واقیعەکە، ئەمە دەرفەتە بۆ ئێمە، دەرفەتە، دەرفەتە. بڕۆن بە دەستی خۆتان واقیعی خۆتان بگۆڕن ئەی عێراقییە پاڵەوانەکان”.
کازمی باسی لەوەش کرد، “هەندێک گوتوویانە حکومەت لە دۆسیەکانی دەرەوە و ئەمنیدا سەرکەوتوو بووە و لە دۆسیەی ئابووریدا شکستی هێناوە، من دەڵێم حکومەت لە دۆسیەکانی دەرەوە و ئەمنیدا سەرکەوتوو بووە و سبەی دووشەممە گوێبیستی دەستکەوتێکی ئەمنیی گەورە دەبن”.
دەربارەی چاکسازی و ئاڵنگارییەکانی حکومەت لەڕووی ئابوورییەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، “بۆ ئەوانەش کە دەڵێن حکومەت لە دۆسیەی ئابووریدا شکستی هێناوە، دەڵێم حکومەت لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا توانیی 12 ملیار دۆلار یەدەگ دابین بکات، لە دۆخی دابەزینی نرخی نەوت، قەیرانی کۆرۆنا و لە وڵاتێکی نیمچە مایەپووچدا. حکومەت توانیی لاپەڕەیەکی سپی بۆ چاکسازی پێشکێش بکات، کە سێ تاوەکو پێنج ساڵ پێویستە بۆئەوەی عێراق هەستێتەوە و دەرفەتی ئەوەمان هەیە عێراق بچێتە ریزی وڵاتە پێشکەوتووەکان، بەڵام پێویستی بە سەرکردایەتییەکی دڵسۆزە”.
Rudaw