راپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ چاودێری پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن و دەنگدانی تایبەت.
8ی تشرینی یەكەمی 2021: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت لە 3 مانگی بانگەشەی هەڵبژادندا و دەنگندانی تایبەتدا (41) پێشێلكاری بەرامبەر بە (36) رۆژنامەنوس ئەنجامدراوە، كەمترین پێشێلكاریش پەیوەندی بە بانگەشەوە هەبووەو زۆرترینیان پەیوەندیداربوون بەرووداوەكانی دەرەوەی بانگەشە.
بەم شێوەیە:
• روداوەكانی دەرەوەی بانگەشەو دەنگدانی تایبەت لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەدا: (30) پێشێلكاری، بیریتیبوو لە:
(1) حاڵەتی تەقەلێكردن
(8 ) حاڵەتی هێرش و سوكایەتی
(3) حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی
(4)حاڵەتی دەستبەسەركردن بە بێ بڕیاری دادگا
(12) حاڵەتی رێگریكردن لە روماڵ
(2) حاڵەتی پركردنەوەی بەڵێنامە بە رۆژنامەنوس
• لە كاتی بانگەشەدا: (2) پێشێلكاری تۆمار كراوە، بریتیبوو لە:
(2) حاڵەتی هەڕەشە لێكردن
• لەكاتی دەنگدانی تایبەتدا: (9) پێشێلكاری، بریتیبوو لە:
(2) حاڵەتی هەڕەشە لێكردن
(7) حاڵەتی رێگریكردن لە روماڵ
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ناوەندو رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە ئازادی رۆژنامەگەری جەخت لەوە دەكەنەوە كە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن یەكێكی ترە لە ئەركە گرنگەكانی میدیا لە سیستمی دێمۆكراسیدا، میدیای ئازادو فرە رەنگ فاكتەری گرنگی چەسپاندنی شەفافییەت و لێپرسینەوە و كۆڵەكەی(حوكمداری باش)ە، كە تیایدا مافەكانی مرۆڤ بە پرۆسەی گەشەسەندن گرێدەدات.
لەم سۆنگەیەوە هۆكارەكانی راگەیاندن بینراو، بیستروا، نوسراو، ئەلیكترۆنی، میدیای نوێ بە گشتی، رۆڵی گرنگیان لە پرۆسەی دێمۆكراسیدا هەیە، بە بێ میدیا و ئازادی كاركردنیان ناتوانین باس لە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكەین.
بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، تەنها لە دەنگدان و بژاردنی دەنگەكاندا كورت ناكرێتەوە، بەڵكو مەرجی گرنگی سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە بەرێوەچوونی گفتوگۆی كراوەو بوونی زانیاری دەربارەی لیست و كاندیدە ركابەرەكان و و بڵاوكردنەوەی هۆشیارییە دەربارەی پرۆسەكە، تا دەنگدەر بە زانیاری تەواو دەربارەی پرۆژەی كاندیدو لیستە ركابەرەكان بچێتە سەر سندوقی دەنگدان، ئازادانە ئەم مافەی خۆی پراكتیك بكات.
رێزگرتن لە میدیاكاران و زەمینە خۆشكردن بۆ كارەكانیان هانی بەشداری گشتی دەكات لە پرۆسەی بەشداری لە بریاردان، ئەمەش كاتێك كاریگەری بەهێز دەبێت كە دەزگاكانی میدیا بە شێوەیەكی پیشەییانە ئەم ئەركە جێبەجێبكەن و دەزگاكانیان ببنە سەكۆیەك بۆ گوزارشتكردن لە فرەیی سیاسی.
میدیاكان لەم هەلبَژاردنەدا روماڵی درێژترین پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنیان كرد ئەنجومەنی باڵای كۆمسیارانی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە 30ی ئەیلولدا ریاگەیاند بە بەشداربوونی فراوان و چڕی میدیای ناوخۆیی و عەرەبی و جیهانی دەكاتە شەریكی ئامانجەكەمان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەكان.
چاودێریكردنی میدیا بۆ ئەم پرۆسەیە، رۆڵبینینی میدیاكان فاكتەرێكی گرنگی پێدانی زانیاری و گفتگۆی كراوەی نێوان كاندەیدەكان بوو، تا دەنگدەر بە زایانیاری تەواوە بچێتە سەر سندوقی دەنگدان و ئازادانە دەنگی خۆی بدات.
سەنتەری میترۆ لەگەڵ سەرنجی لەسەر روماڵی هەندێ میدیا، بەڵام بە شێوەیكی گشتی هەوڵی زۆر هەبوو بۆ پەیرەو كردنی پرەنسیپی بابەتیانە و بێلایەنی، هەروەها پابەندبوون بە بریارو رێنامییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و پێودانگە نێودەوڵەتییەكانی روماڵی میدیا بۆ هەڵبژاردن.
بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق لە 8ی تەموزەوە دەستی پێكردوە بۆ 9ی تشرینی یەكەمی 2021 ، بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوو، ئەمە بە گەورەترین ماوەی بانگەشە ئەژمار دەكرێت لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا.
لەو ماوەیەدا زۆرینەی میدیاكانی هەرێمی كوردستان، بینرواو، بیستراو، ئەلیكترۆنی، بەرنامەكانیان تەرخانكردبوو بۆ ناساندانی كاندیدی حزب و هاوپەیمانییە سیاسیەكان و كاندیدە سەربەخۆكان، لەگەڵ ئەوەشدا بەدەر نەبوو لە پێشێلكاری بەرامبەریان، چ ئەو جۆرە پێشێلكاریانەی كە پەیوەندیان بە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بوو، یان ئەوانەی لە پەراوێزی بانگەشەكاندا بەرامبەریان ئەنجام دراوە.
ئۆفیسەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ( هەولێر، سلێمانی، دهۆك) باجی تایبەتی بۆ راگەیانكارانی ناوخۆو دەرەوە، بۆ تیمەكانی راگەیاندن و پەیامنێران، دابەشكرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەكاتی بەرێوەچوونی دەنگدانی تایبەتدا داواكارییەكی ئاراستەی هێزە ئەمنییەكان و رۆژنامەنووسان كرد، بۆ ئەوەی لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردندا رێز لە ئەركی یەكدی بگرن و داوای لە هەموو دامودەزگا ئەمنییەكانی كرد رێز لە كاری میدیاكاران بگرن و هاوكارییان بكەن.
تا نوسینی ئەم راپۆرتە دەربارەی دروستكردنی ئاستەنگ بۆ میدیاكاران لە پێدانی باجی راگەیاندكاران هیچ دەزگایەكی راگەیاندنی ناوخۆو دەرەوە سكاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆمار نەكردوە.
سەنتەری میترۆ لە 8ی تەموز بۆ 8ی تشرینی یەكەم، ئەم سكالایانەی لە پەیامنێرانی دەزگاكانی راگەیاندن پێگەیشتووە، بەم شێوەیە:
• 11ی شەوی یەكشەممە 18ی تەمووز لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی، تەقە بەسەر ئۆتمبێلی سەرنوسەری راچڵەكین ( پشتیوان زاهیر حسین) كرا، بە پێی لێدوانی بۆ میترۆ ئاسایش تەقەكەرانی دۆزیوەتەوە.
• كاتژمێر 10ی شەوی هەینی 23ی تەمووز، لەبەردەم نەخۆشخانەی شار، لە سلێمانی هێرش كرایە سەر تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( كارزان تاریق، محمد حەسەن) بۆ ماوەیەك لە ئۆتۆمبێلێكی ئاسایشی ناوخۆ دەستبەسەر كران، كەلەوپەلی رۆژنامەوانیان لێ زەوتكرا، پاش یەك كاتژمێر ئازاد كران.
• رۆژی شەممە 7ی ئاب لە قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر، لە كاتی روماڵی هەواڵدا هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی تیمی (تۆری میدیای ئێستا) ( ئەیوب عەلی، هەنگاو غەفور) بۆ ماوەیەك دەستبەسەر كردو كەلوپەلی رۆژنامەوانی زەوتكردو هەرەشەیان لێكردوون جارێكی تر نەیەنەوە ناوچەكە.
• رۆژی یەك شەممە 8ی ئاب، لە لایەن هێزێكی ئەمنی لەبەردەم دادگای هەولێر، رێگری لە پەیامنێری پەیام ( ئیدریس محمد) كران كە روماڵی دادگاییكردنی راگیراوانی دهۆك بكەن.
• رۆژی دووسەممە 9ی ئاب لە گرەكی سەركارێزانی شاری هەولێر، لەكاتی روماڵی كێشەی كەم ئاویدا، لە لایەن هێزێكی مەدەنییەوە هێرش كرایە سەر (تۆری میدیای ئێستا) ( ئەیوب عەلی و هەنگاو غەفور).
• كاتژمێر 1 و نیوی پاش نیوەرۆی رۆژی چوارشەممە 11ی ئاب، لە گەرەكی باداوان لە هەولێر، لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتێكدا لەسەر گردبونەوەی نارەزایەتی، موختاری ئەو گەرەكە هێرشی كردە سەر پەیامنێری ئین ئارتی ( چۆمان مەحمود).
• كاتژمێر 10و نیوی بەیانی رۆژی شەممە 21ی ئاب، لەبەردەم بینای قائیمقامییەتی هەولێر، كاتی ئاماەكردنی راپۆرتێك لەسەر گردبونەوەی نارەزایەتی خاوەن نانەواخانەو سەمونخانەكان، لەلایەن هێزێكی مەدەنییەوە هێرشكرایە سەر تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( هێرش قادر، شیروان مەولود).
• كاتژمێر 11ی بەیانی رۆژی دوو شەممە 30ی ئاب، لە گەرەكی ژینی شاری هەولێر، لەكاتی روماڵی كێشەی كەم ئاوی، لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە هێرش كرایە سەر تیمی رۆژنامەوانی ئین ئارتی( رزگار ناسیح، محمەدی كامێرامان)، كەلەوپەلی رۆژنامەنوسییان زەوت كراوە.
• كاتژمێر 12 ی نیوەرۆ رۆژی یەك شەممە 5ی ئەیلولی، لەبەردەم بانكی توی مەلیك، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە هێرشكرایە سەر تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( هاودێر زۆراب، گۆران لوقمان) كەلوپەلی رۆژنامەوانیان لێ زەوتكردن.
• كاتژمێر 1:30 ی پاش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە 9ی ئەیلول، لە ناحییەی بازیان هێزێكی ئەمنی لەكاتی پەخشی راستەوخۆدا 2 جار رێگرییان لە تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( كارزان تاریق، محمد حسن) كرد.
• كاتژمێر 11ی رۆژی سێَ شەممە، 14ی ئەیلول، لەناو بازاڕی قەزای زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆك، رێگری لە تیمی ئین ئارتی( وحید نیعمەت، بارزان حەسەن) كرا كە روماڵی گردبونەوەیەكی نارەزایەتی ئەو هاوڵاتیانە بكەن كە لە سەردەمی ئەنفالدا بەرەو توركیا ئاوارە بوون.
• كاتژمێر 11ی رۆژی سێ شەممە، 14ی ئەیلول، لەناو بازاڕی قەزای زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆك، رێگری لە تیمی كەناڵی سپێدە ( ئەكرەم ئەمین، حاتەم ئیبراهیم كرا كە روماڵی گردبونەوەیەكی نارەزایەتی ئەو هاوڵاتیانە بكەن كە لە سەردەمی ئەنفالدا لە توركیا ئاوارە بوون.
• شەوی پێنج شەممە 9ی ئەیلول، لەبەردەم كەناڵی ئین ئارتی گوندی ئەڵمانی شاری سلێمانی، هێزێكی ئەمنی رێگری لە كامێرەمانی تیمی ئین ئارتی ( بریار عەلی) كرد روماڵی هۆكاری بوونی ئەو هێزە بكات نزیك كەناڵەكەیان.
• كاتژمێر 11ی بەیانی رۆژی شەممە 18ی ئەیلول، لە بازگەی سحێلانی سەر بە پارێزگای دهۆك، رێگری لە تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( وحید سندی، شەهباز نیعمەت) كرا، پاشان براون بۆ بارەگای سەربازی لە سیحیلان و بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە جارێكی تر نەیەنەوە بۆ ناوچەكە.
• رۆژی دوو شەممە 27ی ئەیلول لە قەزای سەید سادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە لایەن سەركردەیەكی سەربازی ناووچەكە بە تەلەفون هەرەشە لە پەیامنێری ئین ئارتی ( وریا حەمە كەریم كرا، پاش ئەوەی روماڵی هەواڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی كردوە.
• رۆژی یەك شەممە 29ی ئەیلول، پاش ئامادەكردنی راپۆرتێكی هەستیار، لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە هەرەشە لە فۆتۆجورانالیست ( سەنگەر ئاكرێیی) كرا.
• بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، لە بنكەی دەنگدانی تایبەت لە ناحییەی بەكرەجۆی شاری سلێمانی، چەند پێشمەرگەیەك هێرشییان كردە سەر بەرێوەبەری (جار میدیا) و ئازاریان دا.
• بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، لە كاتی بەرێوەچوونی دەنگدانی تایبەت لە بنكەی غەفور ژاژڵەیی، رێگری لە پەیامنێری كوردسات (شاڵاو عەلی) كرا، پاساویان ئەوەبووە بە مۆبایل وێنەی گرتووە.
• بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم لە قەزای بەردەرەشی باشوری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆك، لە كاتی پەخشی راستەوخۆی پەیامنێری دهۆكی ئین ئارتی ( سەباح سۆفی) كەسێك بەرگی مەدەنی پۆشیبوو، دەستی هێنایە بەردەم زوومی كامێرای كەناڵەو رێگری لێكرد.
• بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، رۆژنامەنوس (ئەمیر عەلی) پێی راگەیاندین كە لە كردنەوەی بنكەی دەنگدان تا 9:30 رێگە نەدراوە رۆژنامەنوسان روماڵی دەنگدان بكەن لەناو بنكەكە كە بۆ رۆژنامەنوسان تەرخان كراوە.
• بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، پەیامنێری شارپرێس مەروان یەحیا، پێی راگەیاندین كە لە قوتابخانەی ئاڤا لە ناوەندی شاری دهۆك هێزی ئەمنی و سەرپەرشتیارانی بنكەكە، رێگرییان لێكردوە روماڵ بكات.
• پاش نیوەڕۆی هەینی، رۆژنامەنوس (مەحمود یاسین كوردی) لە رێی تۆری كۆمەڵایەتی نامەیەكی ئاراستەی سەرۆكایەتییەكانی: (هەرێم، حكومەت، پەرلەمان) و سەندیكاو میترۆ كردووە لەبارەی هەرەشەكردنی ئەفسەرێكی پێشمەرگە لەو رۆژنامەنوسە.
• كاتژمێر 4:30ی ئێوارەی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، لە كاتی بەرێوەچوونی دەنگدانی تایبەت لە بنكەی غەفور ژاژڵەیی، رێگری لە تیمی راگەیاندنی پۆلەتیك پریس (دونیا مەجید، ئاودێر بەكر) كرا، پەخشی راستەوخۆ بكەن.