“پۆلیسەکەی لقی 12ی پارتی بە هاوکاریی هاوژینەکەی کوژراوە”

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، تۆمەتباری سەرەکیی رووداوی کوشتنی پۆلیسەکەی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستگیرکراوە کە رۆژی 05-10-2021 تەرمەکەی لەنزیک بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە دۆزرایەوە. بە گوتەی گوتەبێژەکە، ئەو پۆلیسە بە “هاوکاریی هاوژینەکەی” کوژراوە. 

موقەدەم بەرزان عوسمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، دوای 48 کاژێر لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە، توانیویانە تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەستگیربکەن، “هەمان رۆژیش سێ تۆمەتبار دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا بەندن”.

ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتباری سەرەکی لە گوندی پاڵەنیا سەر بە شارەدێی تەوێڵە دەستگیرکراوە، دەستیش بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گیراوە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە. 

تۆمەتبارەکە بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ناوی “ق. ع. م”ە و تەمەنی 56 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی شارەوانیی هەڵەبجەیە، دانی بە تاوانەکەدا ناوە. موقەدەم بەرزان عوسمان دەڵێت، “تۆمەتبار و تاوانلێکراو پێشتر هاتووچۆ و تێکەڵی هەبووە لەنێوانیاندا و هەندێک کێشە و عاجزی لەنێوانیاندا هەبووە”. هەروەها گوتەبێژی پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو، “پاش ئەوەی (ق.) ماوەی یەک ساڵە لە مێشکی خۆی بەرنامەی داناوە کە (ف.) بکوژێت، لەبەرئەوەی لەڕێگەی ڤیدیۆ و مەسنجەر و تەلەفۆنەوە قسەی پێ گوتووە، ئەو قسانەی لە دڵ گرتووە و بڕیاریداوە بیکوژێت، بۆ ئەوەش پەنای بردووە بۆ خێزانی [هاوژینی] (ف.) و پێی گوتووە کە بەرنامەیەکی لەو شێوەیەی هەیە و دەیەوێت هاوژینەکەی بکوژێت. هاوژینەکە[ی (ف.)]یش بە شێوەیەک لە شێوەکان دانی بەوەدا ناوە کە هاوکاریی کردووە و هاوکاریکردنەکەش بەو شێوەیە کە شەوی رووداوەکە تەلەفۆنی بۆ کردووە بەناوی بردن بۆ سلێمانی بۆ وەرگرتنی سولفە و لە ماڵەوە بردوویەتیە دەرەوە”. 

موقەدەم بەرزان عوسمان دەڵێت، “کاژێر 02:00ی شەو بەدواوە لە جادەی حەمەوغان بۆئەوەی لە بازگەی ئاسایشی زەمەقی نەدات، لە جادەی حەمەوغان و بە رێگەیەکی خۆڵدا بردوویەتی سەر جادەی تەپە قوڕە و لەوێشەوە بۆ ناحیەی سیروانی بردووە. لەوێ [تۆمەتباری سەرەکی] ئۆتۆمبێلەکەی دەکوژێنێتەوە و پێی دەڵێت [بە (ف.) دەڵێت]، ئۆتۆمبێلەکەم لەکارکەوتووە. پاش ئەوەی [تۆمەتبارەکە بە] (ف.)، تاوانلێکراو دەڵێت با پێکەوە سەیری پێشی ئۆتۆمبێلەکە بکەین و دادەبەزێت، داوای لێدەکات بۆنیتی ئۆتۆمبێلەکەی هەڵبداتەوە، لەوکاتەدا [تۆمەتبار] بە ئۆتۆمبێلەکەی دەچێت بەسەر تاوانلێکراودا. پاش ئەوەی بە ئۆتۆمبێل لێیدەدات، دواتر چوار بۆ پێنج جار بەشێوەی خولانەوە بەسەر لاشەی تاوانلێکراودا دەڕوات. دواتر کە دڵنیابووەتەوە لەوەی گیانی دەرچووە، بەجێیدەهێڵێت”. 

گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت، تۆمەتبارەکە ئۆتۆمبێلێکی جۆری سەنی/تەکسیی سوور و سپیی پێبووە و پێش ئەنجامدانی تاوانەکە لەزگەی سپیی بۆ کڕیوە و رەنگی ئۆتۆمبێلەکەی گۆڕیوە و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەشی بە قوڕ داپۆشیوە، هەروەها لۆگۆی تەکسییەکەشی لابردووە بۆئەوەی نەناسرێتەوە، دوای ئەوەی تیمەکانیان گومانیان لێکردووە، لە گوندی پاڵەنیا دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گرت. موقەدەم بەرزان عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گرتووە، هێشتا ئاسەواری لەزگەکە بەسەر ئۆتۆمبێلەکەوە مابوو، هەروەها خوێنی تاوانلێکراویش هێشتا بەژێر ئۆتۆمبێلەکەوە مابوو، “تاڵە مووی تاوانلێکراویش بە ئۆتۆمبێلەکەوە دۆزراوەتەوە”. گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ئەوەی ئاشکراکرد، لە ماوەی دوو مانگدا سێ تاوانی کوشتن لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە روویانداوە و تاوانەکانیش ئاشکراکراون.

ھەواڵی زیاتر