نەتەوەیەکگرتووەکان زانیاریی نوێ لەسەر دروستبوونی قەیرانی ئاو بڵاودەکاتەوە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی رێژەی دانیشتووانی گۆی زەوی رووی لەزیادبوونە دەڵێت، زۆربەی وڵاتان بەخراپی خۆیان ئامادەکردووە رووبەڕووی ئەو قەیرانە ئاوییە ببنەوە و ئیدارەی بدەن.
رێکخراوی کەشناسیی جیهانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان شەوی رابردوو راپۆرتێکی لەبارەی مەترسییە ژینگەییەکان بڵاوکردەوە، گوتی لافاو، وشکەساڵی و ئەو کارەساتانەی پەیوەندییان بە ئاوەوە هەیە، روویان لە زیادبوونە و هۆکارەکەشی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایە.
هاوکات زیادبوونی رێژەی دانیشتووان و کەمبوونەوەی سەرچاوەکان لە سەرتاسەری جیهان قەیرانی ئاوی لە هەندێ ناوچەکدا چەند هێندە لێکردووە.
راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە 20 ئاژانسی جیهانی و دامەزراوەی زانستی لەخۆدەگرێت لە بەشێکی دەقەکەی دەڵێت، “بەڕێوەبردن، چاودێریکردن، پێشبینیکردن و هۆشدارییە سەرەتاییەکان کەموکوڕیان تێدایە و بەس نین.”
پیتێری تالاس، سکرتێری گشتیی ئاژانسی کەشناسیی جیهانی دەڵێت، “دەبێت هۆشیاربینەوە بەڕووی ئەو قەیرانە ئاوەی کە بەڕێوەیە.”
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسەکە، ئێستا لە جیهاندا 2 ملیار کەس لەو وڵاتانە دەژین کە رووبەڕووی قەیرانی بوونەتەوە، ئاوی خواردنەوە و خۆشۆردنیان کەمە.
راپۆرتە هاوبەشەکەی ئەو ئاژانسانە ناونراوە: “The State of Climate Services 2021: Water” بە واتەی: دۆخی خزمەتگوزارییەکانی کەشوهەوا لە 2021: ئاو.
ئەو رێکخراوە لافاوەکانی ژاپۆن، چین، پاکستان، هەروەها ئەوانەی کە بەشی رۆژهەڵاتی کیشوەری ئەوروپای گرتەوە، بە بەڵگەی زیادبوونی ئەو قەیرانانە دەهێنێتەوە کە پەیوەندییان بە ئاوەوە هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ساڵی 2000ەوە ئەو کارەساتانەی کە بەهۆی لافاوەوە روودەدەن، بە رێژەی 134٪ زیادیان کردووە و زۆرترین زەرەر و زیانی گیانی و ماددیش لە ئاسیا کەوتوونەتەوە، هاوکات ئەو کارەساتە سرووشتییانەی کە پەیوەندییان بە وشکەساڵییەوە هەیە، ئەویش بە رێژەی 29٪ زیادی کردووە، زۆرترین زیانی گیانی و ماددی وشکەساڵییەکەش لە ئەفریقیا بووە.
باکووری ئەفریقیا و نێوەڕاستی ئاسیا بە پلەی یەک کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی قەیرانی ئاو، کێشەی گەورەی ئەو ناوچانە کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە و سەرچاوەی بەردەستە.
لە ناوچەکانی دیکە کەشوهەوای دژوار وەکو باهۆز و گەردەلوول، رۆچوونی زەوی زیانی لە هەژمار نەهاتووی ئابوورییان لێکەوتووەتەوە.
رێکخراوی کەشناسیی جیهانی و ئاژانسەکانی دیکە دەڵێن، “پێویستە دەستبەجێ کردار بنوێنین” بۆ خەرجکردنی پارە لە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەبەرامبەر قەیرانە سرووشتییەکان، هەروەها باشترکردنی ئیدارەدانی ئاو و تێکەڵکردنی سیاسەتی کەشناسی بە پرسی ئاو.
رووداو