لە نووسراوێکدا، نیازی هەورامانی، جێگری مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاندووە، بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگرێت و گوێی لێنەگیرێت ئازاد دەبێت لەگەڵ کێدا کاردەکات. دەشڵێت “لەگەڵ کاک بافڵ و کاک قوباد کۆدەبمەوە و پاشان بڕیار دەدەم.”
نووسراوەکەی نیازی هەورامانی بەرواری دووشەممە 4-10-2021ی لەسەرە و ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە کە ئاراستەی خزم و دۆستانی خۆی کردووە، تێیدا هاتووە، “لە ماوەی ئەم 14ی ساڵەی لە سلێمانی پێکەوە کارمان کردووە خەڵکە موسڵمان و نوێژخوێنەکەی ناو یەکێتی، تاوەکو ئەمڕۆ هەرچیم پێکرابێت لە کاتە جیاوازەکان بۆ خزمەتی یەکێتی و خوێنی شەهیدە سەربەرزەکان درێخیم نەکردووە. دڵنیاشم ئێستا بەگوێم دەکەن. رێکخراوەکەم لەو حیزبە بچووکانە گەورەترە کە یەکێتی پێشوازییان لێدەکات و دەرگەی بۆ کردوونەتەوە. لە ئەمڕۆوە من وەکو مامۆستا نیازی هەورامانی بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگرم و داواتان لێدەکەم کە دانبەخۆتاندا بگرن دەنگ نەدەن تا لەم چەند رۆژەدا کۆتا هەڵوێستی خۆم رادەگەیێنم.”
نیازی هەورامانیی باسی لەو پۆستانە کردووە کە لە رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ لەنێو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان وەریگرتوون و راشیگەیاندووە، “ئەگەر سەرۆک حیزب و سەرۆک لیست و سەرپەرشتیاری مەڵبەند کاتتان هەبوو هۆکارەکەی دەڵێم بۆ بایکۆیتی هەڵبژاردن دەکەم. ئەگەر کاتتان نەبوو بۆ گوێگرتن، لە رۆژی ماڵئاوایی پێش هەڵبژاردن هەموو شت رووندەکەمەوە و داوای گەردن ئازادیتان لێدەکەم و ئازاد دەبم لە کوێ کار دەکەم.”
لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو نووسراوە، نیازی هەورامانی، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و راگەیاند، نایەوێت دەربارەی هۆکاری راگرتنی بانگەشەکانی هەڵبژاردن روونکردنەوەی زیاتر لەسەر نووسراوەکە بدات. گوتیشی: “بڕیارە لەگەڵ کاک بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و کاک قوباد تاڵەبانی سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان کۆببمەوە.”
نیازی هەورامانی ئاماژەی بەوەشکرد، “دوای کۆبوونەوەکە یان ماڵئاوایی لە یەکێتیی دەکەم، یانیش دەگەڕێمەوە نێو کارەکانم.”
نیازیی هەورامانیی وەک خۆی دەڵێت، لە دوایین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە 313 دەنگ بووە بە ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی.