لاهور شێخ جەنگی چۆن گەیشتە سەر گۆڕی مام جەلال؟

رۆژی 3102021 لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەسەر مەزاری مام جەلال سکرتێری پێشووی حیزبەکەی دەرکەوت، ئەو رۆژە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی.

بەپێی ئەو زانیارییەکان، بە درێژایی رۆژی سێی مانگ، لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی یەکێتی گفتوگۆی کردووە، لەدیارترینیان عومەر فەتاح‌و فوئاد مەعسوم‌و چەند سەرکردەیەکی تر.

هەر بەپێی زانیارییەکان، گفتوگۆکان بۆ ئەوە بووە، کە ئەو سەرکردانەی یەکێتی قسە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بکەن، تا رازی بێت لەساڵرۆژی کۆچی دوایی مام جەلال رێگری لەسەردانی لاهور شێخ جەنگی نەکات.

زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن، دوای گفتوگۆیەکی زۆری ئەو سەرکردانەی یەکێتی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی‌و ئەندامانی تری بنەماڵەی مام جەلال، رازی بوون بەسەردانی لاهور شێخ جەنگی بۆ سەر گۆڕی مام جەلال، بەڵام چەند مەرجێکیان داناوە.

مەرجەکانی بافڵ تاڵەبانی ئەوە بووە، وەک کەسێکی ئاسایی سەردانەکەی بکات‌و میدیاکان ئاگادارنەکاتەوە لە سەردانەکەی‌و دوای سەردانەکەشی هیچ لێدوانێکی رۆژنامەوانی نەبێت، هەروەها نابێت ئەو سەردانەش وەک بانگەشەیەک بۆ خۆی بەکاریبهێنێت.

لەرۆژی 8ی تەمووزی رابردووەوە، کێشەکانی لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی تەقینەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بانگەشەی ئەوەی کرد لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە ژەهرخوارد کراوە.

لەو وادەوە رۆژ بەڕۆژ کێشەکانی یەکێتی روو لەزیادبوون دەکەن، بەو هۆیەشەوە بافڵ تاڵەبانی هەموو دەسەڵاتەکانی لە لاهور شێخ جەنگی سەندووەتەوە.

لەبەرانبەر تۆمەتبارکردنی، لاهور شێخ جەنگی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوەو بەردەوام باس لەوە دەکات، ئەوەی بەرانبەری کراوە کودەتایەو کودەتاکەش لەناوخۆی یەکێتی لەیەلایەن پارتی‌و تورکیاوە بەرانبەری کراوە.

جەلال تاڵەبانی رۆژی 310/2017 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد، ئەوەش دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، دواتر تەرمەکەی هێنرایەوە هەرێمی کوردستان‌و لەگردی دەباشان لەنزیک ماڵەکەی خۆی بەخاک سپێراو ساڵانە لەو رۆژەدا یادی کۆچکردنەکەی دەکرێتەوەو ئەندامان‌و لایەنگران‌و سەرکردەکانی یەکێتی سەردانی گۆڕەکەی دەکەن‌و تاجە گوڵینەی لەسەر دادەنێن.

بوار نیوز

ھەواڵی زیاتر