دەزگای لوتکە ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان و عیراق دەکاتەوە کە بەکارهێنانی خاکی بیلاڕوسیا بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا لەوپەڕی مەترسیدایە و بەهۆی ساردبوونی کەشوهەواوە هێندەی دیکە مەترسیدار دەبێت. لە ئێستادا سەدان خێزانی کورد و عیراقی لەسەر سنوورەکانی بیلاڕوسیا گیریان خواردووە و بێ نان و بێ ئاو ماونەتەوە. هاوکات چەندین کەس ژیانیان لەدەست داوە بەهۆی سەرما و بێ نان و ئاوی و نەخۆشییەوە.
دەزگای لوتکە بە شێوەیەکی فەرمی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری عیراقی (وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، وەزارەتی دەرەوە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عیراق) لەسەر هێڵ دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی کە گیریان خواردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەڕێنرێنەوە.
داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان دەکەین بە هیچ جۆرێک نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو گروپ و تاقمانەوە کە هانتان ئەدەن لەڕێگای بیلاڕوسیاوە بگەنە خاکە ئەوروپا و ژیانی خۆتان و منداڵەکانتان مەخەنە بەردەم مەترسی و هەڕەشەی جددی. هەروەها داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین ڕۆڵی ئیجابیی خۆیان بگێڕن بۆ ڕێگری کردن لە کارەساتی مرۆیی.