هێشتا تۆمەتباری سەرەکیی شەڕەکەی هەریر دەستگیرنەکراوە

بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تۆمەتباری سەرەکیی شەڕەکەی هەریر دەستگیرنەکراوە و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردن و رادەستکردنی بە دادگا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 3.10.2021 کاروان کەریم خان، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تۆمەتباری سەرەکی شەڕەکەی هەریر دەستگیرنەکراوە و هێزە ئەمنیەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردن و رادەستکردنی بە دادگا و گوتیشی: “سێ کەس کە تۆمەتبارن دەستگیرکراون”.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 30-9-2021، لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا لە هەریر سێ کەس کوژران، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش بە رووداوی راگەیاند، هۆکاری شەڕەکە کێشەی کۆنی زەوی و زار بووە.

ئەو سێ کەسەی کە کوژران بەپێی لێدوانی محەممەد ئامۆکەیی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی شەقڵاوە، یەکێکیان پێشمەرگە بوو بە ناوی موسلیم هەینی، یەکێکیشیان ناوی سەلمان رەسوول بوو. هەردوو کوژراوەکەش خێزاندار بوون و دانیشتووی گوندی ناوشیوانی دەشتی هەریر بوون. کوژراوی سێیەمیش ناوی نەبەز محەممەد بوو.

بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی گرژییەکانیش، هێزە ئەمنییەکان لەنێو هەریر بڵاوەیان پێکراوە، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریریش دەڵێت “پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و لە هەوڵدایە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارە هەڵاتووەکە”.

رووداو

ھەواڵی زیاتر