گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد لە بودجەی ساڵی 2022ی عێراق پێداگیری لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
جووتیار عادل، گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و رایگەیاند: “ناردنی 200 ملیارەکە لە بەغداوە پەیوەستە بە کارەکانی هەردوو حکوومەت بە تایبەت دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە لەم چوارچێوەیەدا و ئەم 200 ملیارەش وەکوو پێشینە بەردەوام دەبێت”.
هەروەها گوتیشی: “لە بودجەی ساڵی 2022ی عێراق پێداگیری لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە”.
ئەوەشی خستە روو کە هەفتەی داهاتوو وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزیری نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی نەوتی سپی کۆدەبنەوە.
لەبارەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستیش رایگەیاند: “ئەم بابەتە لە بەرنامەی حکوومەت دایە و پێشبینی دەکەم بە زووترین چارەسەر بکرێت”.