بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، دۆخی یەکێتی بە ڕووکەش هێور بۆتەوە، بەڵام لە راستیدا کێشەکان رۆژ بە رۆژ پەلدەهاون و ئێستا هەردوو هاوسەرۆک کار لەسەر زیادکردنی پەڕ و باڵەکەیان دەکەن.
بەپێی زانیاریەکان، ئێستا لاهور جەنگی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی کارتی خۆی بەهێز بکات بۆ دوای هەڵبژاردن و زۆرترین پاڵپشتی لەناو سەرکردایەتی و مەڵبەندەکان کۆبکاتەوە، لە بەرامبەریشدا بافڵ تاڵەبانی بە پاڵپشتی قوباد تاڵەبانی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زیاتر گۆشەگیر کردنی لاهور.
ئێستا دۆخی یەکێتی زۆر هەستیارە، چونکە لاهور جەنگی پاڵپشتی لە لیستی هاوپەیمانی کوردستان ناکات و لە کەرکووکیش کاندیدی تایبەتی خۆی هەیە کە ئاڵا تاڵەبانیە. ئەمەش کاریگەری لەسەر دەنگەکانی یەکێتی لە کەرکوک دەبێ. چونکە ئاڵا لەلایەن ماڵی مام جەلالەوە بەهیچ جۆرێک پاڵپشتی ناکرێ.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست باڵکێش کەوتوون، بافڵ تاڵەبانی سوورە لەسەر بڕیاری دوورخستنەوەی لاهور جەنگی، بەڵام ئێستا لەبەر هەڵبژاردن تاڕادەیەک بێدەنگی هەڵبژاردووە و چاوەڕوانی دوای هەڵبژاردنە.
بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیاکان کە شەوی 03-09-2021 بڵاوکرایەوە باسی کێشە نێوخۆییەکانی نێو یەکێتی و رەوشی پێش گۆڕانکارییەکانی 08-07-2021 کرد و ڕایگەیاند، نزیکەی 40٪ تاوەکو 50٪ی کادیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەیاندەوێرا ئاسیاسێڵ بەکاربهێنن و زیاتر متمانەیان بە دەزگای پاراستن بوو لە دەزگای زانیاری.
تاڵەبانی بە ڕۆژنامەوانانی وت “دەزانی بەش هەبوو لەنێو دەزگای زانیاری رێک کاری لەسەر ئەخلاقی خەڵک کردووە لەنێو حیزبەکە.. وەتسئەپ بۆ سەرکردایەتییەکان دەنێردرا ‘وا دەنگ بدەن’، ‘وا دەنگ مەدەن’، چاویان لە کادیرەکانمان سوور دەکردەوە”.
هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، دەزگای زانیاری لەم ساڵانەی دواییدا وەک بیزنیزی لێهاتبوو بۆ بەهێزکردن و دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێک. گوتیشی، بارودۆخەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە سیخوڕ لەنێو ماڵی مام جەلالدا هەبێت. “بەڵی من لێرە بۆتان رووندەکەمەوە کە سیخوڕم لەناو ئەم ماڵە دۆزیوەتەوە، نەک سیخوڕی حیزبێک یان وڵاتێکی دیکە، سیخوڕی دەزگای زانیاری.. بەڵی من دەرمانخوارد کراوم و بەڵگەشم لایە”.
بافڵ تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی، “دەیان کادر هەیە کۆبوونەوەیان کردووە، دواتر تەلەفۆنیان بۆ کراوە و پێیان راگەیێندراوە کە جارێکی دیکە بەو جۆرە قسە نەکەن” و هەڕەشەی ئەوەشیان لێکراوە کە ئەگەر پابەندی ئەو داوایە نەبن، ئەو کاتە راگەیاندنی سێبەریان تێبەردەدەن و رێگە نادەن لە هەڵبژاردندا دەربچن، ئەگەر ببنە بەربژێر.
هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا کە گۆڕانکارییەکانی نێو حیزبەکەی کراون، زۆر شت گۆڕدراون، بافڵ تاڵەبانی لە رۆژنامەڤانەکان دەپرسێت، “بزانن چەند بزنسمان لە 8ـی مانگەوە [مانگی تەممووز] رفێنراون، ئەی پێش 8ـی تەممووز چەند بزنسمان دەرفێنران؟”
هاوسەرۆکی یەکێتی دەڵێت، خەڵکێکی زۆر دەستخۆشی لێدەکەن لە بەرامبەر هەنگاوەکانی و گوتی، دوو مانگە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە زمانی جنێودان و سووکایەتیکردن بە بەرپرسان و کەسایەتییەکان و هاونیشتمانیان خاوێن بوونەتەوە.
تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە 8ی تەممووزەوە سەرانە وەرگرتن لە سنووری سلێمانی کۆتاییهاتووە.