بافڵ تاڵەبانی ناوی کەناڵی ئایپڵەسی یەکێتی دەگۆڕێت

لە میانەی رێکخستنەوەی کەناڵەکانی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ناوی کەناڵی ئایپڵەسی یەکێتی کە سەر بە لاهوور شێخ جەنگی بوو، دەگۆڕدرێت بۆ کەناڵ 8 وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکارییەکانی هەشتی تەمموز لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە.

کۆبوونەوەیەکی نێوخۆیی کراوە و ناوی کەناڵەکە گۆڕدراوە. بڕیاریشە بەمزووانە گۆڕانکارییەکان بەشێوە فەرمیی رابگەیێندرێن.

تەنیا 5 رۆژ دوای رووداوەکانی هەشتی تەممووز، رۆژی سێشەممە 13ی تەممووزی 2021 هێزێکی ئەمنیی سکرتاریەتی جەلال تاڵەبانی دەستی بەسەر کەناڵی ئای پڵەسی لاهوور شێخ جەنگیدا گرت. بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، کەناڵەکە موڵکی یەکێتییە و دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی. هەموو ئەو شتانەی بە پارەی یەکێتی دروستکراون موڵکی یەکێتین و دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ یەکێتی.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڤپەیڤینێکی یەک کاتژمێری لەگەڵ کۆمەڵێک رۆژنامەوان ئەنجام دا کە شەوی 03-09-2021 بڵاوکرایەوە.

لە هەڤپەیڤینەکەدا هاوسەرۆکی یەکێتیی لەبارەی ئایپڵەسەوە گوتی: “دەگوترێت من وەکو بافڵ تەلەڤزیۆنی لاهوورم داخست، دەپرسم بێ زەحمەت بۆ تەلەڤزیۆنی لاهوورە؟ بۆ؟ زەوییەکەی هی نۆکانە، باڵەخانەکە یەکێتی دروستی کردووە، ئامێرەکانی دەزگایەکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروستی کردووە”.

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هۆکاری هەڵکوتانە سەر کەناڵەکەوە گوتی: “شتێکی سەیر هەبوو، تۆ دەزانی کە باسی ئەو تەلەڤزیۆنە دەکرێت تەلەڤزیۆنی کاک لاهوور مۆڵەتی نییە، دەزانن ئەو تەلەڤزیۆنە هێشتا فریکوێنسی سەتەلایتی نەبوو، بەڵام سەیربوو لام کە شەو و رۆژ خەڵک لەوێ دەوام دەکات، لەوە تێنەدەگەیشتم. ئێمە چیمان کرد؟ پرسیارمان کرد لێیان خۆم پرسیارم لێیان کرد و پرسیم بێزەحمەت چی دەکەن لەوێ؟ وەڵامیان نەداینەوە”.

بافڵ تاڵەبانی هەروەها دەڵێت “تووندتر پرسیارم کرد چی دەکەن لەو باڵەخانەیە کە باڵەخانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە؟ هەر وەڵامیان نەدامەوە.. منیش چیم کرد دوو سێ برادەرم هێنا هی میدیا لەگەڵ مەفرەزەیەکی ئەمنی گوتم بڕۆن بزانن لەوێ چی هەیە”.

بافڵ تاڵەبانی تەلەڤزیۆنەکە بە جنێوخانە ناودەبات و ئاشکرایکرد کە “دەیان پەیجیان بەڕێوە دەبرد، هەموویان جنێویان دەدا بە هەر هەموومان، ئەمە جنێوخانە بوو، جنێویان دەدا بە قوباد، بە کاک کۆسرەت، کوڕەکانی کاک نەوشیروان، دکتۆر رێواز.. هەموو کەسێک فۆڵدەرێکی خۆی هەبوو، تەنانەت فایلیان ئامادەکردبوو بۆ ئەو خەڵکانەی نزیک خۆیانن، نەوەکا رۆژێک نزیکی خۆیان نەمێننەوە. جنێوخانەبوو بەناوی یەکێتی، لەناو باڵەخانەی یەکێتی، بە مووچەی یەکێتی.. هەڤاڵان بۆ خاتری خودا ئەمە تەلەڤزیۆن نەبوو. دڵنیاتان دەکەمەوە ئەوە جنێوخانەبوو تەلەڤزیۆن نەبوو”.

رۆژی 08-07-2021 سەرەتای ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی بەروونی دەرکەوتن و بەرپرسی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر گۆڕدران. دواتر دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکیی لە لاهوور شێخ جەنگیی وەرگیرانەوە و درایە بافڵ تاڵەبانی.

سەرچاوە: رووداو

ھەواڵی زیاتر