چەند بڕیارێک لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئەیلوولی 2021 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی ئارام و مەدەنیانە و دوور لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن بەڕێوەبچێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەیە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، داکۆکی لە بەرژەوەندییە گشتیەکان و ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و پێویستە ململانێ و کێبەرکێیی نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکانیش، بە ئاراستەی بەرگریکردن بێت لە پرسە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی بێ لایەنانەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم و میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، بە شێوەیەک پێویستە ئامانجی سەرەکی هەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان ئەوە بێت، لە بەغدا بەیەکەوە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک بکەن .
پاشان لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و وەزیرە پەیوەندیدارەکان ، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تایبەت بوون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالیتی ئاردی هاوردەکردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە زوو جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بڕیاردان لە سەر ڕەشنووسی ( پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021 – 2025 ) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەن خرایەڕوو ، لە کۆبونەوەکەدا بە کۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کرا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ئاراستەی برەودان بە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ، ڕەشنووسی ( پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدان ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان )ی خستەڕوو . ئەم ڕەشنووسە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە . ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی برەودان بە بواری ڕێگاوبان، بڕیاریدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی مانگێکدا ، پێداچوونەوەی زیاتر بە ڕەشنووسەکەدا بکەن لە ڕووی قانونی و تەکنیکی وداراییەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێبینی وسەرنجانەی خرانەڕوو، تا ئەو پەیڕەوە ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێنێ لە پاڵپشتی وەزارەت لە گەشەپێدانی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و دانانی پێوەر بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەریی لە دابەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگاوبان، لەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە پێی شایستەبوون، ئەویش لەبەر ڕۆشنایی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە گرنگیدان بە بواری ڕێگاوبان، لە بڕگە سەرەکیيەکانیەتی.

ھەواڵی زیاتر