زینای مەحرەمەکان لە عێراق “ناچاریان کردم زینا لەگەڵ کوڕە 10 ساڵەکەم بکەم”
ژنێكی باڵاپۆش كە پەچەیەكی بە رووخساریدا داوە، ڕۆژی 10\9\2021 لە كەناڵی (سۆمەرییە)ی عێراقی، ئاشكرای كرد كە بەهۆی ئەوەی چەند تۆمارێكی ڤیدیۆیی كەوتووەتە دەست بەكارهێنەرێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ناچار كراوە پەیوەندیی سێكسی لەگەڵ كوڕە دە ساڵانەكەیدا بكات. ئەو ژنە دەڵێت: ”كاتێك ئەم كارەمان لەگەڵ كوڕەكەم دەكرد، ئەو كەسە لە ڕێگەی كامێراوە سەیری دەكردین و دواتریش هەموو شتێكی لێ بڵاو كردمەوە“.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژی ٢ی ١ی ٢٠٢١ی ماڵپەڕی (RT)یش، ژنێك كە دەموچاوی خۆی شاردووەتەوە، لە كەناڵێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتوویەتی: ”پاش ئەوەی لە هاوسەرەكەم جیا بوومەوە، لە ماڵی برام دەژیام، بەڵام چەند جارێك لە لایەن كوڕی برامەوە ڕووبەڕووی دەستدرێژی بوومەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەبەر ترسانم لە كۆمەڵگە، نەمتوانی لەگەڵ كەس ئەمە باس بكەم تەنانەت لە دادگاش“.
باسیشی لەوە كردووە كە برازاكەی لەژێر فشاردا ناچاری كردووە ئەم كارە بكات: ”بەڵام بەپێی راپۆرت و پشكنینەكانی ئەم دواییە، دەركەوتووە كوڕە براكەم جۆرە حەبێك دەخوات كە كۆنتڕۆڵی خۆی لەدەست دەدات، ئەوەندە ئەم كارەی دووبارە كردەوە تا وای لێ هات ئەگەر ئەو لە ماڵەوە بوایە، من لە ماڵ دەردەچووم“.
ماڵپەڕی (RT) نووسیویەتی كە هەرچەندە حكوومەتی عێراق هیچی فەرمیی بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام ”داتا تۆماركراوەكانی تایبەت بە مافی ژن دەری دەخەن كە زیاتر لە هەزار كەیسی زینای نێوان مەحرەمەكان تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا تۆمار كراوە“.
زەنگی مەترسی لێ دەدرێت
كەناڵی (سكای پرێس)ی عێراقی لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كە ڕۆژی 18\4\2018 لە پێگەی خۆی لە (یوتیوب) بڵاوی كردووەتەوە، زەنگی مەترسی لێ داوە بەوەی ”كێشەیەكی مەترسیدار“ دەركەوتووە و راستەوخۆ ڕووبەڕووی ژمارەیەك خێزانەكانی عێراق بووەتەوە كە ئەویش زینای نێوان مەحرەمەكانە.
ئەو كەناڵە باسی لەوە كردووە كە ئەو خێزانانەی بارودۆخی ئابوورییان زۆر نالەبارە، هەروەها ئەوانەی كە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە زۆرتر داخراون و پەیوەندییەكی ئاسایی لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا نییە، زۆرتر تاوانەكەیان تێدایە، لەسەر ئەو بنەمایەی ”هەموو قەدەغەیەك ویستراوە“.
هەروەها ئاشكرای كردووە كە ”بێكاری وای كردوە گەنجان نەتوانن هاوسەرگیری بكەن، بەڵكوو پەنا بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانیان بە كەمترین تێچوون دەبەن هەرچەندە زۆر جار بە ئابڕووچوون كۆتایی دێت“.
چیرۆكەكانی زینای مەحرەمەكان لە زیادبووندان
بەپێی ڕاپۆرتێك كە بە ناوی (نەجلا تائی) لە رۆژی ١٩ی ٩ی ٢٠١٥ لە ماڵپەڕی (البحرین الیوم)دا بڵاو كراوەتەوە، لەو ساڵەدا كچێك كە جەستەی سووتاوە، پاش ئەوەی دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی (عتێفیە) لە بەغدا، كچەكە هاواری كردووە ”براكەم دەستدرێژیی كردە سەرم“، بەڵام پاش سێ ڕۆژ لە گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و دوای ئەوەی لێكۆڵەرەوەكان وتەی لێ وەردەگرن، كۆچی دوایی كردووە.
هەمان پارێزەر ڕووداوێكی ساڵی ٢٠١٠ دەگێڕێتەوە كە دایكێك كچە دە ساڵانەكەی دەهێنێتە نەخۆشخانەی (كازمییە)ی فێركاری لە بەغدا و دواتر پەرستارێك بە پارێزەرەكە دەڵێت كە كچەكە لە لایەن باوكیەوە دەستدرێژیی كراوەتە سەر.
ژنێك: خاوەن كارەكەم فشاری لێ كردم
كەناڵی (التغیر)ی عێراقی لە راپۆرتێكیدا كە رۆژی 23\12\2020 لە پێگەكەی لە تۆڕی (یوتیوب) بڵاوی كردووەتەوە، تێیدا ژنێك دەردەكەوێت كە دەڵێت: ”لەگەڵ كەسێك كارم دەكرد، براكەمی دەبینی كە دەمگەیەنێتە سەر كارەكەم، ئەو كەسە داوای لێ كردم من و براكەم لە بەرامبەر پارەیەكی زۆر، لەبەرچاوی ئەو زینای مەحرەم بكەین، من سەرم سوڕما بەم داوایە، هەوڵم دا وای دابنێم كە داوای لەم جۆرەم لێ نەكراوە، بەڵام ئەو كەسە وازی لێم نەهێنا تا لەسەر كارەكەم دەریكردم“.
هەر لەو ڕاپۆرتەدا عەمید غالب عەتیە خەلەف، بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆمەڵایەتی ئاشكرای كردووە: ”ژمارەیەك حاڵەتمان هەبووە، ژمارەیەك هەژماری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش هەبووە كە هانی بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانەی داوە لەنێو گەنجان“.
لە هۆتێلەكانیشدا
بەپێی تۆمارێكی ڤیدیۆیی كە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا بڵاو كراوەتەوە، شێخ شەهید عەتابی، یەكێك لە پیاوانی ئایینیی عەرەبە شیعەكان ئاشكرای دەكات: ”بە بەڵگەوە ناو و ژمارە تەلەفۆنی ئەفسەرێكم لایە و چەند جارێك پەیوەندیی پێوە كردم، پێی گوتم كە چەندان جار لە هۆتێلەكان، كەسانێك دەگرین لە كاتی ئەنجامدانی تاوانی زینای نێوان مەحرەمەكان. كوڕ لەگەڵ ژنی دووەمی باوكی، پیاو لەگەڵ ژنی برای و چەندانی دیكە“.
گومان دەكرێ پیلانێك هەبێ
ئەسعەد عەبدوڵا عەبد علی، لە رۆژی 9\8\2020، وتارێكی لە ماڵپەڕی (المسلة)ی عێراقیدا بڵاو كردووەتەوە بە ناوی (پڕۆژەیەكی گەورە بۆ بڵاوكردنەوەی زینای مەحرەمەكان) و تێیدا نووسیویەتی: ”وەك ئەوەی بڕیارێك لە لایەنە باڵاكانەوە دەرچووبێت بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم لادانە مەترسیدارە لەنێو كۆمەڵگەدا“.
بە گوتەی ئەو نووسەرە، ئامانج لە بڵاوكردنەوەی ئەم تاوانە، وێرانكردنی كۆمەڵگەیە لە عێراق.
باسیشی لەوە كردووە كە دەیان گرووپ و هەژمار و پێگەی جۆراوجۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كراونەتەوە و بایەخێكی زۆر بە بڵاوكردنەوەی چیرۆكەكانی زینای مەحرەمەكان دەدەن.
حكوومەتی عێراق نایەوێ دانی پێدا بنێت
تا ئێستا حكوومەتی عێراق بە فەرمی ئەم جۆرە تاوانەی بە دیاردە وەسف نەكردووە و هێشتا هەنگاوی كردارەكیی بۆ كەمكردنەوەی نەناوە. هەروەك ئەسعەد عەبدوڵا دەڵێت: ”بێدەنگیی حكوومەت بەرامبەر ئەو ماڵپەڕ و گرووپانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەبێتە هۆی وێرانكردنی ئەوەندە بەهایەی لە كۆمەڵگەدا ماوە“.
هاوكات پێیوایە: ”ئەگەر حكوومەت بیەوێت ڕووبەڕووی ئەمە ببێتەوە، پێویستە دەستبەجێ بێتە دەنگ و ئەو پێگانە دابخات و لێكۆڵینەوەی ورد لەم بابەتە دەست پێ بكات“.
نایانەوێ بابەتەكە باس بكرێ
ڕۆژی 26\3\2021، ڕێكخراوی (مافی ژنی عێراقی) لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە: ”هەوڵێك هەیە بۆ ڕێگەگرتن لە باسكردنی ئەم بابەتە، چونكە دەچێتە خانەی قەدەغەكراوە كۆمەڵایەتییەكان و وێنەی كۆمەڵگەی عێراقی دەشێوێنێت. تەنانەت هەندێك قسەكردنیش لەسەر ئەم بابەتە رەت دەكەنەوە، لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی ئایینیداری نەریتپارێزە. هەندێكیش نكۆڵی لە بوونی دەكەن، ئەوەی قسەی لەسەر دەكات، تەنیا وردەكارییەكی سنوورداری لەسەر باس دەكات“.
رێكخراوەكە رایگەیاندووە كە لە ڕوانگەی هەستكردنیان بە بەرپرسیارێتیی مرۆیی، زانیاریی جۆراوجۆر لەسەر زینای مەحرەمەكان بڵاو دەكەنەوە: ”ئەوەش بۆ هۆشداریدان بە خێزانی عێراقی و هۆشیاركردنەوەیان لەم دیاردەیە“.
ئەو ڕێكخراوە لەگەڵ نووسینەكەدا، وێنەیەكی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا نامەی كچێكی 26 ساڵان دەردەكەوێت كە ئەو كاتەی تەمەنی پێنج ساڵ بووە، لەلایەن برا 16 ساڵانەكەیەوە دەستدرێژیی كراوەتە سەر و بەم هۆیەوە داوا لە خێزانە عێراقیەكان دەكات، وریای كچەكانیان بن.
زیندانی هەتاهەتاییان بۆ دوو تاوانبار
بەپێی ناوەڕۆكی بڕیارێكی دادگای تەمییزی عێراقی كە ڕۆژی 24\10\2012 بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە بە حوكمێكی (دادگای تاوانەكانی قادسییە) لە ڕۆژی 2\11\2012 سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو تاوانبار دەركردووە كە كوڕێك لەگەڵ هاوسەری باوكی زینای ئەنجام داوە و لەبەردەم دادوەردا دانی پێدا ناوە.
دادگای تەمییز پاش پێداچوونەوە بە دۆسیەكە، بە زۆرینە، بڕیاری داوە سزای لەسێدارەدان بۆ سزای بەندكردنی هەتا هەتایی بگۆڕێت |ماوەی بەندكردنی هەتا هەتایی بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ٢٠ ساڵە|.
لە باسنیوز وەرگیراوە