لە مەخموور چەکدارێکی داعش باوکی دەکوژێت کە حەشدی شەعبی بووە

سەرچاوەیەکی باڵای سوپای عێراق رایگەیاند، لە گوندێکی مەخموور چوار کەس کوژران و 9 کە دیکەش برینداربوون، یەکێک لە کوژراوەکان چەکدارێکی حەشدی شەعبی بووە و لەلایەن کوڕێکی خۆیەوە کە چەکداری داعشە کوژراوە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە سوپای عێراق رایگەیاند، کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی دوێنێ شەممە لە گوندی خەتاب لە ناحیەی قەراجی سەر بە قەزای مەخموور چەکدارێکی داعش باوکی دەکوژێت و برایەکی بریندار دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بۆ ئەو کارە رادەسپێردرێت و دواتر بەهۆی رووداوەکەوە سێ کەسی دیکەش دەکوژرێن و 8 کەسی دیکە برینداردەبن.

سەرچاوەکەی سوپای عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئەیلوولی 2021، لەوبارەیەوەوە وردەکاریی رووداوەکەی روونکردەوە و گوتی، ” کەسوکاری پیاوە کوژراوەکە لە تۆڵەی ئەو کردەوەیەدا لە گوندی حاجی عەلییەوە رۆیشتوون بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژراوەکە بکەنەوە، بەڵام بۆمبێکی چێندراویان پێدا دەتەقێتەوە و لە ئەنجامدا سێ کەسی دیکە دەکوژرێن و 8 کەسیش برینداردەبن”.

ئەوانەشی کوژراون بەپێی سەرچاوەکەی رووداو بریتیین لە فەتحی سەرهید لهێبی، نەقیب لە بنکەی پۆلیسی نوور، محەممەد فەتحی سەرهید لهێبی، ئەندازیاری وەزارەتی کارەبا، عەبدولستار جاسم محەمەد لهێبی، ئەندام لە حەشدی شەعبی، شاکر مەحموود ئەحمەد”.

ماوەیەکە چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور و گەیارە لە پارێزگای نەینەوا جموجوڵیان بەچڕی دەستپێکردووە و لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا زیاتر لە 10 کردەوەیان ئەنجامداوە و زیاتر لە 10 کەسیان کوشتووە و چەندین برینداریش هەن.

بەپێی سەرچاوەکە داعش جوگرافیای ناوچەکەی بۆ ئەنجامدانی کردەوەکانی قۆستووەتەوە. دوو لیوای هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە پێکهێنراوە و بڕیارە بەمنزیکانە بە هاوبەشی دەستبەکاربن، بەپێی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە ناوچەی مەخموور و دەوروبەری لەو ناوچانەن کە بەشێک لەو هێزانەیان تێدا بڵاودەکرێنەوە.

رووداو

ھەواڵی زیاتر