سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی عێراق رایگەیاند، دەیانەوێت لەسەر بنچینەی هاوبەشی و تێگەیشتن کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەربکرێن، “سەرەکیترین کێشەمان لەگەڵ بەغدا نەبوونی هاوبەشیی راستەقینەیە”.
ئەمڕۆ شەممە 11-09-2021 سەرۆک مەسعود بارزانی گوتارێکی لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێشکێشکرد و رایگەیاند، “تێبینی زۆرمان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسییەکانی پارێزگاکان هەبوو کە هیچ دادپەروەریی تێدا نەبوو و لەسەر هیچ بنەمایەکی راست نییە، چونکە سەرژمێری نەکراوە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بۆ ئەوەی سەنگی پارتی بپارێزین بڕیارماندا بەشداریی هەڵبژاردن بکەین”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا، “داوای ئێمە و هەموو خەڵکی عێراق و هەموو ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن لە هەڵبژاردن ئەوەیە هەڵبژاردنێکی خاوێن بێت، ساختەکاریی تێدا نەبێت. ئەمە داخوازی یوئێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە”.