راگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە

کەسێک بەناوی (احمد حمدامین رسول) دانیشتووی شاری هەولێر داواکراو لە دادگا بە ماددەی (406) لە رێکەوتی (23/5/2021) مەفرەزەکانمان لە هەوڵی دەستگیرکردنی بوون، داواکراو تەقەی لێ کردوون و دوو کارمەند و هاووڵاتییەکی ئافرەت بە ناوی (ش.و.ر) بریندار بوون و تاوانباریش توانیی رابکات.

دواتر تاوانبار بەردەوام هەڕەشەی لە هاووڵاتیان دەکرد و مەترسی بوو لەسەر گیانی هاووڵاتیان، لە رێکەوتی (18/6/2021) هەڵسا بە کوشتنی هاووڵاتیی (فرهاد جبار محمد) و خۆی لە شوێنێکی نادیار حەشار دا.

تاوانبار (7) فەرمانی دەستگیرکردنی بە ماددەکانی (تیرۆر) و (هەڕەشە) و (کوشتن) هەبوو، بۆیە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە لایەن تیمەکانمان بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا توانرا شوێنی تاوانبار دەستنیشان بکرێت و، ئەمڕۆ ئێوارە رێکەوتی (5/9/2021) لەناو شاری هەولێر/ گەڕەکی مەهاباد هێزەکانمان هەوڵی دەستگیرکردنیان دا، بەڵام تاوانبار بۆ جارێکی تر بە چەک و تەقەکردن رووبەڕووی هێزەکانمان بووەوە و دوو کارمەندی تری بریندار کرد و دواتر تاوانباریش لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا کوژرا.

لێرەوە هاووڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کەوا هێزەکانمان هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان، هەرکەسێکی دەرچوو لە یاسا و رووبەڕووی هێزە یاساپارێزەکان رابوەستێت ئەوا بە توندترین شێوە بەرپەرچی دەدرێتەوە.

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
2021/9/5

ھەواڵی زیاتر