ئه‌وه‌ى بافڵ تاڵه‌بانى، نه‌وێرا به‌ رۆژنامه‌نووسانى بڵیت چى بوو؟

تاوه‌كو ئێستا ده‌ره‌نجامى رووداوه‌كه‌ى 8ى ته‌مموز، له‌ روانگه‌ى كه‌ڵه‌كه‌ بوونى كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى نێو یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان قسه‌ى له‌سه‌ر كراوه‌، ئاماژه‌ به‌ دیوه‌ گرینگ و نهێنییه‌كه‌ى كه‌ هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تییه‌ نه‌كراوه‌،  به‌وه‌ى كه‌ وڵاتانى  ( ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و ئێران) چ رۆڵێكیان له‌م رووداوه‌دا  هه‌بوو ؟ چ لایه‌نێك هۆكارى سه‌ره‌كى لادانى لاهور شێخ جه‌نگى بوو ؟ ئایه‌ ماڵى مام جه‌لال، چۆن گڵۆپى سه‌وزیان له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌  بۆ هه‌ڵكرا ؟ ئه‌و لایه‌ن و كه‌سانه‌ كێ بوون زانیاری پێشوه‌خته‌یان له‌باره‌ى رووداوه‌كه‌ هه‌بوو ؟

كاتێك به‌یانییه‌ك، له‌ پڕ به‌رپرسى ده‌زگاى دژه‌ تیرۆ و زانیارى لادران، پرسیارێك لاى یه‌كێتییه‌كان و خه‌ڵك دروست بوو، كه‌ چۆن ده‌بێ له‌ ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێكدا ئیمپڕاتۆریه‌ته‌كه‌ى لاهور شێخ جه‌نگى، وا به‌ ئاسانى بڕوخێ ؟ چۆن ئه‌وان بێ ئاگان بوون له‌ رووداوێكى وا گه‌وره‌دا ؟!

زانیارییه‌ نهێنى و تایبه‌ته‌كان ده‌ریده‌خه‌ن، ده‌ره‌نجامى رووداوه‌كانى 8ى ته‌مموز، ته‌نها هۆكارى ناوخۆیى له‌ پشته‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو هۆكاره‌ ده‌ره‌كییه‌كانیش له‌گه‌ڵ هۆكاره‌ ناوخۆییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌، بوونه‌ هۆكارى لێ وه‌رگرتنه‌وه‌ى دوو ده‌زگاى گرینگى ئه‌منى له‌ لاهور شێخ جه‌نگى و براكانى .

ئه‌مه‌ریكى و به‌ریتانییه‌كان، به‌ر له‌وه‌ى ئۆكه‌ى بده‌نه‌ (باڤڵ تاڵه‌بانى و قوباد تاڵه‌بانى)، بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر ده‌زگاى دژه‌ تیرۆر و زانیارى، چه‌ندین جار له‌سه‌ر كاره‌كانى لاهور شێخ جه‌نگى و براكانى هۆشداریاندا، به‌ڵام دواجار دواى بێهیوابوونیان، له‌ كه‌یسى رووداوى 8ى ته‌مموز پشتگیرى ماڵى مام جه‌لالیان كرد و گڵۆپى سه‌وزیان بۆ پێكردن.

چۆن و بۆچى ئه‌مه‌ریكى و به‌ریتانییه‌كان، پشتیان له‌ لاهور شێخ جه‌نگى كرد ؟

له‌ پاڵ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى نێو یه‌كێتیى، چوار هۆكارى سه‌ره‌كى دیكه‌ بوونه پاڵپشتێك كه‌ ماڵى تاڵه‌بانى، ده‌ستكراوه‌بن له‌ ده‌ركردنى لاهور شێخ جه‌نگى و كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى، ئه‌و هۆكارانه‌ش :

یه‌كه‌م؛ ماوه‌یه‌كى زۆر بوو باندێکی مامه‌ڵه‌کردن به‌ ( دۆلار و زێر)  له‌هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ ده‌ستیان کردبوو، به‌ كارى قاچاخچییه‌تى زێڕ و  گواستنه‌وه‌ی دۆلار له‌هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بۆ وڵاتانی دراوسێ له‌ نێوشیان وڵاتى ئێران و سوریا و توركیا.

به‌پێى زانیارییه‌كان، ئه‌و بازرگان و باندانه‌ی به‌و کاره‌ هه‌ڵده‌ستان چه‌ند كه‌سێك بوون له‌ هه‌ولێر و سلێمانى، له‌رێگه‌ى مانگى ده‌ستكرده‌وه‌ سه‌رجه‌م جوله‌ و كاره‌كانیان له‌ ژێر چاودێرى ئه‌مه‌ریكادا بوو. ناو و ناونیشانى ئه‌و كه‌سانه‌ دیار بوون، ئه‌وانه‌شى ئه‌و كاره‌یان ده‌كرد، به‌شێكیان براكانى لاهور شێخ جه‌نگى بوون، یاخود له‌ نزیكه‌كانى ئه‌وان بوون.

باڵوێزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا، له‌ رێگه‌ى نوێنه‌رایه‌تیان له‌ هه‌رێمى كوردستان، چه‌ندین جار به‌رپرسانى یه‌كێتیى و هاوسه‌رۆكانى یه‌كێتیان له‌و كاره‌ ئاگاداركرده‌وه‌. به‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسى گواستنه‌وه‌ى دۆلار بۆ وڵاتى ئێران.

ئه‌مه‌ریكییه‌كان، مامه‌ڵه‌ و بازرگانیكردنى نا یاسایی به‌ دۆلار و زێریان به‌ تاوانێكى نێوده‌وڵه‌تى و مه‌ترسى زانى، به‌ڵام هۆشدارییه‌كان وه‌ك پێویست گوێى پێنه‌درا،  كاره‌كه‌ به‌رده‌وامى پێدرا، بۆیه‌ دواین جار شاندى ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌ نهێنى له‌ ” گوندى ئه‌مه‌ریكى”  له‌  شارى هه‌ولێر له‌ ماڵه‌كه‌ى خۆیدا له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانى كۆبوونه‌وه‌ و  سه‌رجه‌م دوكۆمێنته‌كان ( له‌ ناو و وێنه‌ و شوێن) خسته‌ به‌رده‌مى . قوباد تاڵه‌بانى هه‌موو كاره‌كانى خسته‌ ئه‌ستۆى لاهور شێخ جه‌نگى و براكانى،  به‌روونى به‌ شانده‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكایان وتبوو، كه‌ ئه‌وان له‌ ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌ به‌ ته‌نها رێگه‌یان لێبگرن. بۆیه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش بڕیاریدا به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ماڵى مام جه‌لال رێككارى پێویست بگرنه‌ به‌ر.

دووه‌م؛ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى دیكه‌ى رووخانى لاهور شێخ جه‌نگى، به‌ریتانییه‌كان بوون، ئه‌ویش به‌هۆى قاچاخچیكردن به‌ ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌ رێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى، چه‌ندین جار به‌ریتانییه‌كان یه‌كێتیى و هاوسه‌رۆكانیان له‌و تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ ئاگاداركرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش گوێیان پێنه‌درا، ئه‌و تاوانه‌ش خرایه‌ ئه‌ستۆى براكانى لاهور شێخ جه‌نگى  و چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كى دژه‌ تیرۆر.

به‌پێى زانیاریییه‌كان، دواى ئه‌وه‌ى فه‌رمانده‌كانى دژه‌ تیرۆر زانیاریان پێگه‌یشت، له‌ لاى به‌ریتانییه‌كان تۆمه‌ته‌كانیان له‌ لایه‌ن براكانى لاهور شێخ جه‌نگى خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆ و له‌رووى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌  خه‌ریك بوو وه‌ك تاوانبارى نێوده‌وڵه‌تى بۆ بازرگانیكردن به‌ ماده‌ى هۆشبه‌ر بناسرێن، راسته‌وخۆ به‌نهێنى له‌گه‌ڵ باڤڵ تاڵه‌بانى كۆبوونه‌وه‌، راستى ئه‌نجامدانى كاره‌كه‌یان خسته‌ڕوو، هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌كى ماده‌ى هۆشبه‌ریان خسته‌ ئه‌ستۆى براكانى لاهور شێخ جه‌نگى، هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌دا فه‌رمانده‌كان بڕیاریاندا بچنه‌ پاڵ باڤڵ تاڵه‌بانى و دواتر ده‌ست به‌سه‌ر ده‌زگاى دژه‌ تیرۆردا بگرن.

له‌ دواین چاوپێكه‌وتنى باڤڵ تاڵه‌بانى، هاوسه‌رۆكى یه‌كێتیى كه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك میدیاى كوردى ئه‌نجامیدا، له‌ میانه‌ى وه‌ڵامى پرسیارێك له‌سه‌ر دۆخى ئێستاى پارێزگاى سلێمانى وتى: ده‌توانن له‌ وڵاته‌ بیانییه‌كان بپرسن كه‌ دۆخى ئێستاى  فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى چۆنه‌ و پێش 8ى ته‌مموز چۆن بو؟

ئه‌و قسانه‌ى باڤڵ تاڵه‌بانى، ئاماژه‌بوو بۆ نه‌مانى كارى قاچاخچیكردن و مامه‌ڵه‌كردن به‌ دۆلار و زێر و ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى.

سێهه‌م؛ هه‌ر به‌ پێی به‌ دواداچوونه‌کان، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى پشتێكردنى ئه‌مه‌ریكا له‌ لاهور تاڵه‌بانى و ده‌ستكراوه‌كردنى ماڵى مام جه‌لال،  بریتی بو له‌ مه‌ترسى دروستكردن بۆ سه‌ر ئاسایشى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌ ناوچه‌كه‌.

ڕۆژنامه‌ی وۆل ستریت جۆرنالی ئه‌مه‌ریكی، له‌ماوه‌ى رابردوو له‌ زاری به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ هێرشی میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كان به‌ ته‌واوی واشنتنی نیگه‌ران كردووه‌، بۆیه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیك گورزێكی سزا و گه‌مارۆ به‌سه‌ر ئه‌و لایه‌ن و قه‌وارانه‌ ده‌سه‌پێنرێت، كه‌ كه‌لوپه‌ل و پارچه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان ڕه‌وانه‌ی ئێران ده‌كه‌ن.

به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكی به‌ ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندوه‌، كه‌ فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی ئێران بوون به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ترسناك بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

به‌رپرسه‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكا به‌ رۆژنامه‌كه‌ى راگه‌یاندوه‌، گورزی داهاتووی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر تاران و میلیشیاكان، بۆ ڕێگرتنه‌ له‌ گه‌یشتنی كه‌لوپه‌ل و پارچه‌كانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و ڕێگرتن له‌ به‌رده‌وامی به‌كارهێنانی درۆن بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئامانجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌.

به‌پێى به‌دواداچوونه‌كان، به‌ر له‌ رووداوه‌كه‌ى 8ى ته‌مموز، ئۆتۆمبێلێكى بارهه‌ڵگر له‌ كۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ هاتۆته‌  پارێزگاى سلێمانى، كه‌ ئه‌و بارهه‌ڵگره‌ فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وانه‌كانی (درۆن) هه‌ڵگرتبوو، پاشان له‌وێوه‌ چۆته‌ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى حه‌شدى شه‌عبى و پاشان براوه‌ته‌ وڵاتى ئورده‌ن، به‌مه‌به‌ستى هێرشكردنه‌ سه‌ر وڵاتى ئیسرائیل.

گواستنه‌وه‌ى درۆن له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ سلێمانى و پاشان بۆ ئورده‌ن، ئه‌مه‌ریكى و ئیسرائیلییه‌كانى زۆر توڕه‌كرد، ئه‌وكاره‌ش خرایه‌ ئه‌ستۆى ده‌زگاى زانیارى و دژه‌ تیرۆر، هه‌ربۆیه‌ش به‌ نسبه‌ت ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ گۆڕانكاریكردن له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى سلێمانى ببوه‌ كارێكى حه‌تمى،  بۆ ئه‌مه‌ش ئۆكه‌یان دابووه‌ ماڵى مام جه‌لال و له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ى 8ى ته‌مموز ئاگادارى هه‌موو شت بوون.

زانیارییه‌كانى نێو راپۆرته‌كه‌ى وۆل ستریت جۆرنالی ئه‌مه‌ریكی، ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه‌ به‌ نسبه‌ت ئه‌مه‌ریكا ئه‌منییه‌تى خۆى و هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ ناوچه‌كه‌دا هێلى سووره‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌ راسته‌وخۆ و نا راسته‌وخۆ هاوكارى ئێران ده‌كه‌ن، ده‌كه‌ونه‌ ژێر غه‌زه‌بى ئه‌مه‌ریكا.

هۆكارى چواره‌م؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى 600 كه‌س له‌سه‌ر میلاكى ده‌زگاى زانیاری مانگانه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ موچه‌ى مانگانه‌یان بۆ دابین ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكییه‌كان زانیارى وردیان به‌ده‌ست گه‌یشتبوو، كه‌ ده‌زگاى هه‌واڵگرییه‌كانى ئێران و ئیتلاعات  ئیختراقى ده‌زگاى زانیارى و دژه‌ تیرۆریان كردوه‌، چه‌ند كه‌سێكی  سه‌ر به‌ ده‌زگاى هه‌واڵگرییه‌كانى ئێران هه‌ڵگرى ناسنامه‌ى ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى سلێمانین، بۆیه‌ متمانه‌یان به‌و ده‌زگایانه‌ نه‌مابوو، داواى چاكسازى و پاكسازیان كرد.دواى رووداوه‌كانى 8ى ته‌مموزیش راسته‌وخۆ سه‌رجه‌م ناسنامه‌كانى هه‌ردوو ده‌زگاى زانیارى و دژه‌ تیرۆر هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌.

كه‌ڵه‌بوونى كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتیى، فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، وایكرد كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ( باڤڵ تاڵه‌بانى و قوباد تاڵه‌بانى) بیر له‌ لادانى لاهور شێخ جه‌نگى و براكانى بكه‌نه‌وه‌، ئه‌و كاره‌ش به‌ ئاگادارى و هاوكارى ئه‌و وڵاتانه‌ و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كرا.

به‌ پێى زانیارییه‌كان، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێم، زانیارى پێشوه‌خته‌ى  له‌سه‌ر رووداوه‌كانى 8ى ته‌مموز هه‌بوو،  هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كیش كرابوو بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكى نا ئاسایى. نێچیرڤان بارزانى، پاش ده‌ركردنى فه‌رمانى لادانى لێپرسراوى ده‌زگاى دژه‌ تیرۆ و زانیارى راسته‌وخۆ سه‌ردانى واشنتۆنى كرد، نه‌یویست له‌ هه‌رێمى كوردستان بێت و بۆئه‌وه‌ى نه‌بێته‌ به‌شێك له‌ رووداوه‌كه.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، له‌ هه‌مان رۆژى هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گاى ده‌زگاى دژه‌ تیرۆر و زانیارى، سه‌رجه‌م هه‌ژمار بانكییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى براكانى لاهور شێخ جه‌نگى،  نۆتیفیكه‌یشنیان بۆ چوو بوو، چونكه‌ ده‌ستكارى هه‌ژماره‌كانیان كرابوو، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى هه‌وڵێكى نێوده‌وڵه‌تى هه‌بوو،  بۆ گۆڕینى به‌رپرسانى ئه‌و ده‌زگایه‌، به‌ڵام ئه‌وان ئاگادارى ئه‌و كاره‌ نه‌بوون و به‌ نهێنى و له‌ بازنه‌یه‌كى بچووكدا كراوه‌.

له‌سه‌ره‌تاى دروست بوونى كێشه‌كانى هاوسه‌رۆكانى یه‌كێتیى، لاهور شێخ جه‌نگى، چه‌ند جارێك داواى نێوده‌نگیرى ئه‌مه‌ریكییه‌كانى كرد، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیانكرده‌وه‌، به‌ڵام ئێران به‌رده‌وام له‌ نێوه‌ندگیریدا بوه‌، به‌ڵام نه‌یتوانى بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ و كاتێكیش به‌وه‌یان زانى كه‌ هه‌موو شت كۆتاى پێهاتبوو.

كه‌واته‌؛ جگه‌ له‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتیى هۆكاربوون بۆئه‌وه‌ى ماڵى مام جه‌لال و گروپه‌كانى ناو یه‌كێتیى ده‌ستیان كراوه بێت له‌ لابردنى لاهور شێخ جه‌نگى، له‌ هه‌مانكاتدا هۆكاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش بوونه‌ پاڵپشتێك،  بۆئه‌وه‌ى ماڵى مام جه‌لال  بتوانن به‌ ئاسانى لاهور شێخ جه‌نگى له‌ ڕووى سه‌ربازى و ئابوورى لاواز بكه‌ن.

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یى

ھەواڵی زیاتر