سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

بڕیارە سبەی یەکشەممە عەبدولمونعم عودات، سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن و جێگری یەکەمی و 16 لە پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە سەردانی هەولێر بکەن و لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆببنەوە.

سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن، لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر دەگاتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتییەوە پێشوازیی لێدەکرێت.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان گوتی، دوای گەیشتنی سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن، راستەوخۆ دەچێتە پەرلەمانی کوردستان و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەی پەیوەندییەکان کۆدەبێتەوە، ئامانج لە سەردانەکەش، دروستکردنی پەیوەندییەکی تووندوتۆڵە لە نێوان هەردوو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئوردن، بە تایبەتی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر کاری پەرلەمانی.

سامان ئەحمەد گوتیشی، لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان یەکەم سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتێکە سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکات، پەرلەمانی کوردستانیش دەیەوێت لەم خوولەدا پەیوەندیی لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش پتەوبکات، بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر کاری پەرلەمانی و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش.

بڕیارە دوای سەردانی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن، دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان هەبێت.

هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن پەیوەندییەکی پتەوی دیپلۆماسییان هەیە و لە دوایین دیداریش لە 23-06-2021 شا عه‌بدوڵڵاى دووه‌م، شاى ئوردن له‌ كۆشكى حوسه‌ينييه‌ له‌ عه‌ممان پێشوازیی له‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد.

رووداو

ھەواڵی زیاتر