دوێنێ یەکشەممە، ھەردوو ھاوسەرۆکی یەکێتی کۆبوونەوە، سەرەڕای دێژەکێشانی کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر، بەڵام بەبێ ئەنجام کۆتایی ھاتووە.
بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەو لە بارەگای یەکەی حەفتا بە نێوەندگیری ئەمریکییەکان کراوە. ھەروەھا چاودێرییەکی ئەمنی توند لەلایەن پاسەوانانی ھەردوولاوە ھەبووە.
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی سووربووە لەسەر ئەوەی کە لاھور جەنگی ھەرێمی کوردستا جێبھێڵێت، بەڵام ناوبراو ڕەتی کردووەتەوە بچێتە ژێر ئەو بارەوە. لە بەرامبەریشدا بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی”شوێنت لەناو یەکێتیدا نەماوە و دەبێ پێم بڵێی لە کوردستان چی دەکەیە؟”
ھەرچەندە شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی وتبووی کە مەزڵوم عەبدی و ساڵح موسلیم بۆ نێوەندگیری ھاتونەتە سلێمانی، بەڵام ساڵح موسلیم ئەوەی ڕەتکردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، نەچوونە دەرەوەی لاھور جەنگی، پەیوەندی بە چەند تۆمەتێکەوە ھەیە کە لەسەرین، بەتایبەت تۆمەتی ڕادەستکردنی چەند کوردێکی ڕۆژھەڵات بە کۆماری ئیسلامی.
لاھور جەنگی دەیەوێ، چوونە دەرەوەی گەرەنتی ھەبێت، بەڵام ئەوەی بۆ ناچێتە سەر، چونکە لەوێ دادگا داوای بکات و سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار بکرێ، ناتوانێ خۆی ڕادەست نەکات.