نورزان لەلایەن برایەک و دوو برازایەوە کوژراوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بکوژی نورزان شەممەری کە رۆژی پێنجشەممە لە نزیک پردی جادرییە لە بەغدا کوژرا دەستگیرکرا. بکوژەکە برای نورزان بووە کە کێشەی خێزانی لە نێوانیان دا هەبووە.
لیوا سەعد مەعن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لە فەیسبووک نووسیویەتی”دەستگیرکردنی بکوژەکە بە فەرمانی عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق بووە، دوای پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی کچێکی 22 ساڵی بەناوی نورزان شەممەری، بە هەوڵی رژدی و کۆکردنەوەی زانیاری توانیمان بکوژەکە دەستگیر بکەین”.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا بوون کە “بکوژەکە برای کچەکەیە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، برای نورزان بە هاوکاریی دوو کوڕی خۆی تاوانەکەی ئەنجامداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دوو کوڕەکەی دەستگیر نەکراون، بەمزووانە ئەوانیش دەستگیر دەکرێن”.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی ئەو کچە 22 ساڵانە، هاشتاگی “مافی نورزان شەممەری قوربانیی دەستدرێژی لە عێراق” لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکرایەوە و هەر زوو چالاکڤانانی عێراق باسیان لەوەکرد کە نورزان رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە و لە نزیک پردی جادرییە بە چەقۆ کوژراوە، بەڵام دوای پشکنینی تەرمەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە دەستدرێژیی سێکسی نەکراوەتە سەری.