گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان لە روونکردنەوەیەکدا داوا لە غالب محەممەد، پەرلەمانتاری عێراق دەکات کە بەڵگەکانی لە دژی کۆمپانیاکە لە دادگە بخاتەڕوو و ئەوانیش لەوێدا بەرگری لەو “ناوزڕاندنە” دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی 20-08-2021 گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان لە روونکردنەوەیەکدا لێدوان و نووسینەکانی غالب محەممەد بە تۆمەتی “بێ بەڵگە و بێ پاساو” ناودەبات و دەڵێت، ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە باسی دەکات “هیچ بنەمایەکی نییە و دوور و نزیک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە.”
رۆژی پێنجشەممە 19-08-2021 غالب محەممەد لە فەیسبووکی خۆی کۆمپانیای قەیوان بە بەکارهێنانی ماددەی چاککەرەوە و تێکەڵکردنی بەنزین لەگەڵ ماددەی نەفتا تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئەو کارە هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە و کەمبوونەوە و دابەزاندنی کوالێتیی بەنزینی بەنزینخانەکانە لە وەرزی هاویندا.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، “لە رابردوودا و لە سۆنگەی رێزگرتن لە کاری پەرلەمانی و لەو باوەڕەوە کە ئەگەر ناوبراو [غالب محەممەد] بەڵگەیەکی هەیە ئەوا دەتوانێ بە رێکاری پەرلەمانی و یاسایی کاری لەسەر بکات.. بەڵام دەرکەوت ئەوەی نەکردووە و لە رێگەی سۆشیاڵمیدیاوە بەردەوامە لە ناوهێنانی کۆمپانیاکەمان”. بڕیارە لە 10-10-2021 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، لەو بارەوە گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان داوا دەکات نەخرێنە نێو ململانێ سیاسییەکانەوە