دژەتیرۆری یەکێتی کادرێکی پارتی دەکوژێت

درەنگانی شەو هێزێکی ئەمنی بە مەبەستی دەستگیرکردنی دوو داواکراو، دەچنە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی قەرەهەنجیر، هێزەکە تەقە لە یەكێک لەو ماڵانە دەکات، کە داواکراوێکی تێدابووە. کارگێڕ ناوچەیەکی پارتی لە قەرەهەنجیر دەڵێت هێزەکە کادیرێکی پارتیان کوشتووە.

کاتژمێر 1:15ی شەوی 19-8-2021 هێزێکی دژەتیرۆر دەچنە شارۆچکەی قەرەهەنجیر، سەرەتا سەردانی بنکەی ئاسایشی شارۆچکەکە دەکەن، دواتر بەمەبەستی دەستگیرکردنی دوو کەس دەچنە گوندی بارزان. لەوێ کەسێک بەناوی شاهۆ عەزیز دەکوژرێت. فەیسەڵ غازی، کە خزمی شاهۆ عیزەدینە رایگەیاند: “کاتژمێر دووی شەو، شاهۆ، کە لە گوندی بارزانی شارۆچکەی قەرەهەنجیر هەندێک مەڕ و ماڵاتی هەیە، خێزانێکی عەرەب مەڕ و ماڵاتەکەی بۆ بەخێودەکەن، هێزێکی دژە تیرۆر بە چوار ئۆتۆمبێل هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسە عەرەبە.” فەیسەڵ گوتی: “ئەو هێزە تەقەیەکی زۆر لە ماڵەکەی شاهۆ دەکەن، بەو هۆیەوە شاهۆ سێ گوللەی بەردەکەوێت و دەکوژرێت، دوو لە گوللەکان بەر سینگی و گوللەیەکیش بەر قۆڵی کەوتووە”.

فەیسەڵ رەتیکردەوە شاهۆ رووبەڕووی ئەو هێزە بووبێتەوە و گوتیشی: “ئەو هێزە دوای کوشتنی شاهۆ، بەسەر ماڵێکی دیکەی هەمان گوندیان داداوە و دوو کەسی عەرەبیان دەستگیرکردووە و لەگەڵ خۆیانیان بردوون”. شاهۆ عیزەدین، تەمەن 42 ساڵ، باوکی چوار منداڵ بوو، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. لە گوندی بارزانی سەر بە قەرەهەنجیر خەریکی بەخێوکردنی مەڕوماڵات بوو.

ئاوات محەممەد، کارگێری ناوچەی پارتی لە قەرەهەنجیر گوتی؛ئێمە ئەم کارە بە کارێکی تیرۆرستی دەزانین، چونکە بەبێ هیچ حەق و حیسابێک کاکە شاهۆیان کوشت، کە کادرێکی پاک و بێ کێشەی پارتی بووە.” سەبارەت بەو هێزەی شاهۆیان کوشتووە، ئاوات محەممەد گوتی: “نازانین چ هێزێک بوو، بەڵام بەگوتەی ئەو کەسانەی بینیویانن دەڵێن دژە تیرۆری سەر بە یەکێتی بوون.” بەپێی زانیارییەکان ئەو هێزە بە مەبەستی دەستگیرکردنی داواکراوان چوونەتە ئەو گوندە.

ئاوات محەممەد دەڵێت: “یەکێک لە داواکراوەکان شوانی شاهۆ بووە، ئەو پێشتر سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە و داواکەی لەسەر نەمابوو، بەڵام ئەوان کە هاتوون ئەو کەسە دەستگیر بکەن، بۆچی ئەو کوڕەی ئێمە دەکوژن، کە هیچ تاوانێکی نەبووە”. فاروق گلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەرەهەنجیر گوتی: “سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لە رووداوەکە، تاوەکو ئیستا ئەنجامەکان بەتەواوی دەرنەکەوتن و بەڵام ئەو کەسەی کوژراوە پەیوەندی بە کێشەکەوە نەبووە”.

ھەواڵی زیاتر