لە خورماتوو کۆپتەرێکی عێراقی کەوتەخوارەوە
لە سنووری خورماتوو هێلیکۆپتەرێکی سوپای عێراق کەوتە خوارەوە. سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە پێنج کەس بوون کە هەموویان گیانیان لەدەستداوە.
رووداوەکە کاژێر 02:45ـی خولەکی بەرەبەیانی پێنج شەممە 29-7-2021، لە نزیک گوندی جەرداغڵی لەسنووری ئامرلی سەر بەشارۆچکەی خورماتوو روویداوە، ئەو هێلیکۆپتەرەی کەوتووەتە خوارەوە سەربازی بووە و سەر بە هێزی ئاسمانی عێراقە.
حەسەن زەین عابدین قایمقامی خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “رووداوەکە لە نزیک بارەگایەکی حەشدی شەعبی بووە و بڕیار وایە شاندێکی فڕۆکەوانیی هێزی ئاسمانیی عێراق و لیژنەی لێکۆڵینەوە بەسەرۆکایەتی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق بگەنە شوێنی رووداوەکە”.
شانەی ئەمنیی عێراق لەبارەی رووداوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باس لەوە کراوە کە ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە پێنج کەسن بەناوەکانی عەقیدی فڕۆکەوان ئوسامە تارق، رائیدی فڕۆکەوان عەلی فازڵ، جێگری ئەفسەر لوی حاتەم فەرحان، جێگری ئەفسەر ئەسیر فائیز ئیبراهیم و جێگری ئەفسەر وەسام عەلی سەفیح.
رووداو