هێزی دژەتیرۆری کوردستان – سلێمانی رەتیدەکاتەوە پەیوەندیی بەھیچ کارێکی نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و داگیرکردنی زەوی و موڵکی گشتییەوە هەبێت و رایدەگەیێنێت: “هەندێ کەسی نابەرپرس لەدەرەوەی ویستی ئێمە و بەخواستی چەند کەسێکی یاساشکێن و دوور لە دەسەڵاتی ئێمە، ناو و ناوبانگی ئەم دەزگایەی بەکارھێناوە بۆ کاری نایاسایی و دەستدرێژیکردن بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتی”.
هێزی دژەتیرۆر کوردستان – سلێمانی (CTG) لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی رایدەگەیێنێت: “لای هەمووان روونە بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆر ھێزێکی تایبەت و مەشقپێکراو بە دسپلینی سەربازیی نیشتیمانییە، رۆڵی گرنگ و کاریگەری بینیوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەرکەوتن بەسەر تیرۆرستانی داعش و بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان. بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوو، چەندین پەیج و ئەکاونتی سێبەر و بێخاوەن و بەکرێگیراو، ھێرشی ناڕەوا و بێبنەما دەکەنەسەر ھێزەکەمان و بە ئەجێندا و مەرامی تایبەتی بوختانمان بۆ ھەڵدەبەستن !”.
لە روونکردنەوەکەدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ھێزی دژەتیرۆری کوردستان – سلێمانی رەتیدەکاتەوە کە دوور و نزیک پەیوەندیی بەھیچ کارێکی نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و داگیرکردنی زەوی و موڵکی گشتییەوە هەبێت و رایدەگەیێنێت: “راستییەکە ئەوەیە ھەندێ کەسی نابەرپرس لەدەرەوەی ویستی ئێمە و بەخواستی چەند کەسێکی یاساشکێن و دوور لە دەسەڵاتی ئێمە، ناو و ناوبانگی ئەم دەزگایەی بەکارھێناوە بۆ کاری نایاسایی و دەستدرێژکردن بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتی کە بەرەسمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆر نەبوون”.
هێزی دژەتیرۆر ئاشکرایدەکات کە”چەند کەسێکیش کە تێوەگلابوون بەم کارە نایاساییانە بەرەسمی دەرکراون و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و چیتر رێگەش نادرێت کەسانێکی بەرژەوەندی خواز بۆ مەرامی تایبەتی دەست لەکاروباری دژەتیرۆرەوە وەربدەن”. لە درێژەی راگەیێنداروەکەدا هێزی دژەتیرۆر دڵنیایی دەدات کە “وەک ھەمیشە لە سەنگەری خەڵک ، سەروەریی یاسا ، ئارامی و ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و شکۆی ھەرێمی کوردستان دەبێت ، ئەرکی سەرەکیمان رووبەڕووبوونەوەی ھەر پیلانێکە کە بیەوێت ئارامی لە خەڵک تێکبدات”. هێزی دژەتیرۆر هەروەها ئاشکرایدەکات “ھێزی دژەتیرۆر ھێزی خەڵک و ھەموو رەنگ و بۆچوونە جیاوازەکانە و بەگڕوتینێکی نوێ و بە بەھێزترەوە لە رابردوو ، پشتیوان بەخوای گەورەو بە ھاوکاریی ھەمووان و ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ لە ئەرکداین بۆ پاراستنی کوردستانەکەمان و سەقامگیریی زیاتری ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان و ھەڵھاتوان لە یاسا”.