چین.. لە سێ رۆژدا بەشی ساڵێک باران باریوە

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەی باکووری رۆژهەڵاتی چین گیانیان لەدەستدا، بۆ 33 کەس بەرزبووەوە. تەنیا لەنێو شەمەندەفەرێک لە شاری ژینگژوو، 9 کەس خنکاون، ئەمەش دوای ئەوەی شەمەندەفەرەکەیان لەژێر زەویدا ژێرئاوکەوتووە.

دەیان کەس لە پارێزگای هینان بەهۆی لافاوەکەوە بێسەروشوێنن، خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکی کۆکردنەوە و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانیان راگەیاندووە.

کەشناسانی چینی دەڵێن، بارانی یەک ساڵ لە ماوەی سێ رۆژدا باریوە، باران بە قەبارەی 6400 میلیمەتر باریوە، تەنیا لە کاژێر 07:00ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە تاوەکو کاژێر 07:00ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە بە قەبارەی 552 میلیمەتر باران باریوە.

ئاژانسی فەرمیی چینی دەڵێت، 200 هەزار کەس لە پارێزگای هینان گواستراونەتەوە بۆ شوێنی سەلامەت، چاوەڕوانیش دەکرێت لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتی گەڕان بەدوای خەڵک، ژمارەی قوربانیانیش بەرزببێتەوە.

میدیاکانی چین دەڵێن، “1000 ساڵە لافاوی وا لەو ناوچەیەی باکووری رۆژهەڵاتی چین دروستنەبووە”، حکومەتی چینیش رایگەیاندووە نۆژەنکردنەوەی ناوچە زیانبەرکەوتووەکانیش بەهۆی لافاوەکەوە ئاڵنگارییەکی گەورەیە و دەبێت کاری لەسەر بکەن.

بەرپرسانی چین دەڵێن، لافاوەکە کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی ملیۆنێک و 200 هەزار کەس هەبووە.

رووداو

ھەواڵی زیاتر