عەتا سەراوی: نھێنی خەباتی ٤١ ساڵی ڕابردووم دەدرکێنم


عەتا سەراوی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەیەوێت زانیارییەکانی 41 ساڵی “خەبات و تێکۆشانی” خۆی بەشێوەی زنجیرە وتارێک بڵاوبکاتەوە و پەردە لەسەر چەندین رووداوی مێژوویی بە پشتبەستن بە پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی هەڵبداتەوە و رایدەگەیێنێت “بە ویژدانێکی ئاسوودەوە دوا بڕیار و شێوازی کار و ئایندەی سیاسیم دیاریی دەکەم”.

 عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ماوەیەکە کەوتووەتە رەخنەگرتنی تووند لە سەرکردایەتیی حیزبەکەی لە نووسراوێکدا کە لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە تیشک دەخاتەسەر ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتیی خۆی لە 41 ساڵی رابردوو. 

عەتا سەراوی نووسیویەتی: “دوای ساڵانێکی زۆری بەرخۆدان و خەباتی بێوچانی پێشمەرگانە ، تێکۆشان لەبواری جۆراوجۆری خەباتگێڕی و کوردایەتیی بەشدار و ئاگادار لەزۆر رووداوی سیاسی ، کەوتن و ھەڵسانەوەی نزیک لەچوار دەیەی خەباتی سەختی پڕ لەململانێیی قورسی ئاڵۆزیی پڕ لەنھێنی و رووبەڕووبوونەوەی چەندین پلانی تاقەتپڕوکێنی دوور لەبەھای مرۆڤایەتی و کارەساتی دڵتەزێنی خوێناویی و ئازار و خەم و سپڵەیی و بێوەفایی و خیانەتی ھاوڕێ و ھاوسەنگەر ، دووڕویی و بێ شەرمی و بێ بەڵێنی و کەڵەکەبونی ئازار و خەمەکان و چاوەڕوانیی کۆکردنەوەی سەدان بەڵگە و نھێنی و زانیاری مەترسیدار و گیانبازی لەگەڵ مەرگ، تێپەڕبوون و بڕینی پلەکانی پێشمەرگایەتیی و حیزبی، تێکەڵبوون و ناسینی زۆربەی سەرکردەسیاسییەکانی کوردستانی گەورە و باشوور بەئاگا و ھەندێجار بەشدار لەپەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی کوردستان و حکومەتەکانی داگیرکەری ھەرچوارپارچەی کوردستان، رووبەڕووبوونەوەی چەندین تۆمەت و پلانی لەکەدارکردن و کوشتن، دوای 41 ساڵ خوێنڕشتن و برینداربوون و دەیان شەھید، لەمڕۆ بەدوا بەپێیی کات و زۆر بەھێمنی و لەسەرخۆ بەچەند زنجیرە وتارێکی پاڵپشت بەبەڵگەی بەردەست زۆر بەچڕیی و لەھەمانکات بەکورتی پانۆرامای 41 ساڵی خەبات و تێکۆشان بڵاودەکەمەوە”.

 عەتا سەراوی دەڵێت، شێوازی ئایندەی کاری سیاسیی خۆی روون و دیاریی دەکات و رایدەگەیێنێت “بۆ ئەوەیە بتوانم سودێک بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی رێگای سەربەخۆیی گەل و نیشتمان بگەیێنم و تێکۆشەران و جیلی نوێی گۆڕەپانی سیاسەت و تێکۆشان سوودی لێ ببینن و بەندەش بتوانم بەرپرسانە و دوور لەھەڵچوون و لایەنگریی، رووداوەکان بگێڕمەوە و ویژدانی خۆم ئاسوودەبکەم و کەمێک باری قورسی سەرشان و دڵم سووک بکەم، تا بە ویژدانێکی ئاسوودەوە دوا بڕیار و شێوازی کار و ئایندەی سیاسیم دیاریی بکەم”.

ھەواڵی زیاتر