مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (46)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:
بۆ بەڕێز/ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
بەبۆنەی (46)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەكەین و، هیوای بەرەوپێشچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین لە كار و بەرنامەکانتان بۆ خزمەتگەیاندنی زیاتر بە دۆزی رەوای گەلەكەمان.
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هاوخەبات و هاوپەیمانێكی گرنگ و سەرەكی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستانە و، ھاوشان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكە رۆڵی كاریگەری هەبووە لە بەدیهاتن و پاراستنی دەسكەوتەكانمان، بۆیە ئومێدەوارین لەو قۆناغەشدا بەهەموو لایەك هەوڵ بدەین بۆ بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان و، بە گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتیمانپەروەریەوە بە پێی پێویستی قۆناغەکە دەوری شیاوی خۆی ببینێ.
لەم یادە دا، جەخت دەكەینەوە لەسەر هەماهەنگیی و تەبایی و یەكڕیزیمان شانبەشانی هێز و لایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەو گیروگرفتەکان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی بۆ هاووڵاتیان و داكۆكیكردن لەو ئەزموونە و سووربوون لەسەر بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواكانمان و پاراستی قەوارەی ھەرێمی کوردستان..
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەركەوتوو بن..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
1/6/2021