ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢١/٥/٢٦ی زایینی، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
یەکەم: خستنەڕووی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی (پێنجەم) لە یاسای چاکسازیی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان.
دووەم: خستنەڕووی بابەتی داهاتی ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا و ڕۆڵی وەزارەتە تایبەتمەندەکان لە برەودان و هەمەچەشنکردن و زیادکردنی داهاتی ناوخۆیی هەرێم و سەرچاوەکانی، و ڕادەی پابەندی وەزارەتەکان لەم بارەیەوە.
سێیەم: خستنەڕووی بابەتی پێداچوونەوەی ڕەسمی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە بەڕێزیان سەرپەرشتیاری لیژنەی تایبەت بەم بابەتەن.
چوارەم: خستنەڕووی دوو پڕۆژە یاسا کە لەلایەن بەڕێز وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ دەنگدانی کۆتایی و پێشتر ئەم پرۆژە یاسایانە خراونەتە بەردەم بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران:
– ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە (٥)ی ساڵی (٢٠١٠).
– ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆ و شەتل و تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان – عێراق)
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٠٢١/٥/٢٦