ھەولێر.. کچە مۆدێلێک لەسەر تەقەکردن دەستگیرکرا

پۆلیسی شاری هەولێر دوو کوڕ و کچیان دەستگیرکرد کە شەوی 27 لەسەر 28ی رەمەزان لە شەقامی 40 مەتریی شاری هەولێر نزیک گەڕەکی بەختیاری، بە سەرخۆشی تەقەیان بە ئاسماندا کردووە کە کچێکیان کەسێکی دیاری ناو سۆشیال میدیایە. 

موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەبارەی رووداوەکە و دەستگیرکردنی ئەو چوار کەسە رایگەیاند “دوای ئەوەی شەوی 27 لەسەر 28ی رەمەزان کاژێر 05:35 خولەکی بەرەبەیان چەند تەقەیەک بە هەوادا کران، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد و دوای هەوڵی چڕوپڕ توانیمان چوار کەس دەستگیربکەین کە دوو کوڕ و دوو کچ بوون و بە سەرخۆشی تەقەیان بە هەوادا کردووە، بەڵام تەقەکان هیچ زیانیان نەبووە”. 

هەر چوار کەسەکە لەلایەن پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە دەستگیرکراون کە تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 20 ساڵە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی 495 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردوون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. 

هۆگر عەزیز راشیگەیاند “ماوەیەکە پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی دیکە بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر هەڵمەتێکمان بۆ دەستگیرکردنی چەکی بێ مۆڵەت دەستپێکردووە و هەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەتی پێبێت رێکاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر و هەڵمەتەکەش بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت”.

 لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون، گوایە یەکێک لە کچەکان کەسێکی دیاری ناو سۆشیال میدیایە، رووداو پرسیاری لە گوبێژی پۆلیسی هەولێر کرد، بەڵام رەتیکردەوە ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرابکات و گوتی “هەر کەسێک تاوان ئەنجامدات و ئارامیی ناو شاری هەولێر تێکبدات، جا کەسێکی ناودار بێت یان ئاسایی، رووبەڕوویان دەبینەوە و دەستگیریان دەکەین و دەیاندەینە دادگا”. 

رووداو

ھەواڵی زیاتر