وێنە.. قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر گۆشتی سه‌ر شه‌قامه‌كاندا ده‌گرێت

به‌هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش و لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێك گۆشتی ئاژه‌ڵدا گرتوه‌ كه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌شێوه‌ی ناته‌ندروست به‌هاوڵاتیان فرۆشراوه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (2021.5.11) شۆڕش كه‌مال، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت رایگه‌یاند:‌ به‌هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌‌رایه‌تی ئاسایش و لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی، لیژنه‌كان ده‌ستیان‌ به‌سه‌ر بڕێك گۆشتی ئاژه‌ڵدا گرتوه‌ كه‌ به‌بێ ره‌چاوكردنی مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری، به‌شێوه‌ی ناته‌ندروست و نایاسایی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌سه‌ر ‌هاوڵاتیاندا ساغكراوه‌ته‌وه‌.

وتیشی:”گۆشتی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌فرۆشرێت، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانییه‌وه‌ پشكنین بۆ ئاژه‌ڵه‌كه‌ و گۆشته‌كه‌شی نه‌كراوه‌ و نازانرێت هه‌ڵگری كام جۆر نه‌خۆشییه‌، بۆیه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت”.

رونیكرده‌وه‌:”یه‌كێك له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت رۆژانه‌ به‌ هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش و لیژوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی به‌دواداچون بۆ سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ و فرۆشتنی گۆشته‌كه‌یه‌تی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌كات، له‌ هه‌رشوێنێك ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت، ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانی ده‌كرێت بۆ له‌ناوبردن”.

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد، به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ته‌واوی ئه‌و گۆشته‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ ره‌وانه‌ی ڤێتێرنه‌ری ده‌كرێت بۆ له‌ناوبردن وه‌هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌شی له‌ پیشه‌كه‌دا به‌كارهێنراون له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نیشته‌جێبون له‌ناوده‌برێت.

ھەواڵی زیاتر