سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی ‘گرووپێکی تیرۆریستیی سەر بە داعش لە هەولێر” لە پەیامێکدا لە تویتەر رایگەیاند “داعش لە کەمپی (الهول)ەوە ئەم پیلانەیان داڕشتووە”.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە “لهدوای ئۆپەراسیۆنێکی چەند مانگی، هێزە ئەمنییەكانمان سەرکەوتووانە پیلانێکی تیرۆرستانی داعشیان لە هەولێر پوچهڵكردهوه، كه له سووریاوه پیلانەکە رێکخراوه و ئاراستەکراوه. ئەندامانی ئهم گرووپه تیرۆریستییه كه سهر به رێكخراوی داعشن، ئێستا دهستگیركراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو “بەپێی زانیاریی دهزگا هەواڵگرییەکانمان، داعش لە کەمپی (الهول)ەوە ئهم پیلانەیان داڕشتووە، ئەمەش جێی نیگەرانییە و دەریدەخات، داعش هێشتا توانای ئەوەیان هەیە بە نایاسایی له سنوورەکان بپەڕنەوە”.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە “داوا لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەکەم، کە مەترسییەکانی ئەم هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە بە ھەند وەربگرن”. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی سەردانی ھەرێم دەکەن کە “پارێزراو دەبن و دهزگا ئەمنییەکانمان به بهردهوامی کار دەکەن بۆ پاراستنی هەموو چین و توێژ و پێكهاتهكانی كوردستان لە تیرۆر و تووندوتیژی”.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا مەسرور بارزانی ستایشی كار و چالاکیی خێرا و دەستبەجێی هێزەکانی کردووە و دەڵێت “پابەندبوون و خۆبهخشیی ئهوان، بووهته هۆی ئهوهی ببین به یەکێک لە ئارامترین ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی “تۆڕێکی تیرۆریستی” و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانیانی راگەیاند. لە سەرەتای ڤیدیۆی دانپێدانانەکەدا هاتووە “زانیاریی دروست بەدەستهات کە (حجی عبداللە – خەلیفەی گرووپی تیرۆریستیی داعش) فەرمانی داوە بە هەریەک لە (حارث – والی شمال / کوردستان) و (ابو ولید – ئەمیری ئەمنیی ویلایەتی شمال) بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی. راستەوخۆ تیرۆریستانی شانەکە ئاشکراکران و لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوودا توانرا تەواوی تیرۆریستەکانی شانەکە دەستگیربکرێن”.
بەپێی زانیارییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، “تیرۆریستەکان” بەنیازبوون لەڕێگەی بۆمبی چێندراو و دەمانچەی بێدەنگ کردەوەکان ئەنجامبدەن لە سەرەتای مانگی شووباتی 2021، دوو لە ئەندامانی گرووپەکەش کە سەرەتا نەیانتوانیوە راستەوخۆ بچنە هەرێمی کوردستان “بۆیە بە قاچاخ لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ تورکیا، پاشان بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ شارۆچکەی رانیە و پاشان گەیشتوونەتە شاری هەولێر”.
ئەو کەسانەش بریتین لە هەریەکە لە یاسر عەلی ئەحمەد نویران ناسراو بە ئەبو عەمار، ماجد حەسەن ساڵح ناسراو بە عەلی، حەسەن عەلی عنیزان حەمەد ناسراو بە سعود، فراس حەسەن حەموودی حوسێن و موخەلەد ئیبراهیم محەممەد شافی ئەلفراجی.