ئومێد خۆشناو: ئەمشە قەدەغەی هاتوچۆ جێبەجێ دەکرێت

 پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بازگەکانی ناوشار و قەزاو ناحیەکان دەستبەکار دەبن و لە کاتژێر 8:00ەوە تا 6:00ی بەیانی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: بە داخەوە سەرەڕای پێدانی رێنمایی خۆپارێزی لە چەند رۆژی رابردوودا پابەندبوون بە رێنماییەکان کەمبوو، لە هەندێک شوێن تا راددەیەکی باش پابەندبوون هەبوو، بەڵام وەکو پێویست نەبوو، هەربۆیەش دەبینین رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان لە هەڵکشاندایە، بۆیە بەناچاری و بەبێ خواستی ئێمە ناچارین ئەو جۆرە بڕیارە بدەین.

ئومێد خۆشناو وتی: لە کاتژمێر 8:00ی ئەمشەوە لە سەرتاسەری کوردستان نیمچە قەدەغەی هاتوچۆ رادەگەیەنرێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین بە تەواوەتی پابەندی ئەو بڕیارانەبن .

پارێزگاری هەولێر وتیشی: “بە ڕەچاوکردنی دۆخی گوزەرانی کاسبکاران و فەرمانبەران و هاتوچۆی ڕۆژانەی خەڵک ئەو بڕیارە دراوە، کە تا 12ی مانگ بەردەوامدەبێت”.

ھەواڵی زیاتر