ناوەندی ھەستانەوە یەکێتی “ناوک” ھەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، لەدوای کۆنگرەی چوارەوە، یەکێتییەکان بە لێشاو وازدەھێنن.
دەقی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی کادرێکی دیاری یەکێتی کە ناوک بڵاویکردووەتەوە.
لەدوای کۆنگرەی چوار بەلێشاو کادران واز لەیەکێتیی دێنن
ھاوڕێ و دۆستانم، یار و نەیارانم لە ھەر کوێیەك بن.
سڵاو و ڕێز
بابەت/ وازھێنان
ھەر کۆشکێك کۆڵەگەکانی دەربھێنرێت و پایە بنەڕەتیەکانی تووشی لەرزین بن، ڕووخانی چاوەڕوانکراوە…
دیارە لە ڕابردوو تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بنەماڵەکەمان بەوپەڕی ئەمەك و دڵسۆزییەوە ھەموو ئەرکێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی بەجێ گەیاندووە. من نە کوڕە جاشم و نە دووراودووریش بۆرە خزمێکی رفیق حزبییم ھەبووە و نە خیانەتیشمان لە خاك و ئاو و نیشتیمان كردووە. ھەموو ھەولێر و خۆشناوەتی شایەتی ئەوەمان بۆ دەدەن کە شەھیدەکانمان لە پێشمەرگە ھەرە قارەمان و ئازاکانی شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێ بوونە، ئاخر لە ھەر شوێنێك تروسکاییەك بۆ ئازادیی بەدیی کرابێت ئێمە وەك چرا بۆی سوتاوین لەھەر سەردەمێك مەشخەڵی شۆڕش ھەڵکرابێت ئێمە بووین بە گڕ و ئاگرمان لە ناعەدالەتی و ژێردەستەیی بەرداوە و ھەرگیز منەتمان بەسەر میللەتدا نەکردووە و بە ئەرکی نەتەوەییمان زانیوە و ھەمیشە لەم پێناوەشدا قوربانیمانداوە، لە باپیرە گەورەمەوە دەست پێبکەم کەم کەس ھەیە لە دۆڵی بەستۆرە و بناری سەری ڕەش عوسمانی رەحیمێ نەناسن، ئەو پیاوێك بوو لە سەری ڕەشەوە سەری بە ئاغا و دەرەبەگ دادەنواند و ھیچ دەنگێك نەبوو لەدەنگی ئەو بەرزتربێت و داینەمۆی بەگژداچوونەوەی دەرەبەگایەتیی بوو و پارێزەری چینی ڕەنجدەر و جووتیاران بوو ھێزی پۆڵایینی شۆڕشی ئەیلول بوو دوای شەھید بوونی برازا و کوڕەکەشی و لەدوای ئاش بەتاڵ لە مەنفا و دوور لەخاك و زێدی خۆی شەھید بوو، ئێستاش گۆڕەکەی لە نەجەفی پیرۆزە. دیارە لە ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ و دەستپێکردنەوەی خەباتیی چەکداریی بەھەمان گوڕوتین و لەسەر ھەمان بیروباوەڕ تەواوی بنەماڵەکەمان بەشدار بوون لەو ئەرکە نەتەوەییە بێباکانە ھەر چی گەنجی بنەماڵەکەمان بوو سینگی دایە بەر گوللەی بەعس و خاوەنی زیاتر لە ١٢ شەھیدین. ئەوەی باسمکردووە ڕەنگە تەنھا بۆ بەراوردێك بێت لەنێوان ئەو حەقیقەتەی بووەتە مێژووێکی پڕشنگدار بۆ نەتەوەیەك و ئەو باطلەی کە ئێستا بووەتە بار بەسەر میللەتێکەوە ناھەقمان نیە بڵێین کێ کردی و کێ خواردی.
من وەك ھەژاری ھاشم جیھاز بەدەر لە شانازیی و خەباتی بنەماڵەکەم، کەمم نەکردووە و درەنگیش و دوێنێ نەبووم بە یەکێتی و ئەوانەی دەمناسن باش دەزانن خاوەنی ڕابردووێکی لەخۆ بوردووانە و خۆبەخشانەم بۆ ئەم حزبە. بەڵام وا دیارە من و ئەوانەش وەك منن چیتر لەھیچ ئۆرگانێکی یەکێتی جێگەمان نابێتەوە و ئەو ئاوازەی ئێستا یەکێتی پێی دەخوێنێت ئێمە جریوەکەی نازانین و پێی ڕانەھاتووین. بۆ ئەوەی لەسەر سەنگ و قورسایی خۆمان بمێنین و بۆ ئەوەی تۆمەتبار نەکرێم بە پیاوی ئەم و چڵکاوخۆری ئەو، بڕیارمدا ڕێز لە ویستی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بگرم و ھەموو پەیوەندییەکم لەگەڵ ئەم حزبە بپچڕێنم و بۆ لەمەودوا نە من ئەندام و لایەنگر و ھەواداری یەکێتیم وە نە یەکێتی ھیچ مافێکی لەسەر بنەماڵەکەم و خوێن و خەباتی ئێمە ھەیە.
مرۆڤ بێ بڕبڕەی پشت دەڕوات بەڕێوە؟؟!!
ھەژاری ھاشم جیھاز،
ھەولێر ٢٠٢١/٣/٢٥