ئەمڕۆ دووشەممە 2021/3/15 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنحامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا ، بووژاندنەوە و گەشەپێدانی وەبەرھێنان و نەهێشتنی ڕووتین و دروستکردنی پۆرتاڵێکی تایبەت بۆ زوو ڕاییکردنی کاری وەبەرھێنەران و دەستپێکردنەوەی پڕۆژە وەستاوو تەواونەکراوەکان و دانانی میکانیزمێک بۆ چۆنیەتی گۆڕینی سێکتەرەکانی وەبەرهێنان، تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە ، کاریکردووە لە پێناو فراوانکردنی پرۆسەی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی لە ڕێگەی داڕشتنەوە و هەموارکردنی یاساکانی وەبەرهێنان و برەودان بە خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکان و پەیڕەوکردنی سیستەمی یەک پەنجەرەیی ، تا پرۆسەی وەبەرهێنان خێراتر ببێت و بە پێی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بێت .
لە کۆبوونەوەکەدا دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چەندین بڕیار لە بارەی گەشەپێدانی وەبەرھێنان و ڕێکخستنەوەی پێدانی مۆڵەتی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دران.