سەرۆک بارزانی و لاهور جەنگی کۆدەبنەوە

لە سێیەم دەستپێشخەریی، خەریكە دیداری لوتكە دەبێتە پرسێكی جددی

سەرتیپ جەوهەر

هاتنى نەوەی شێخ مەحمودی حەفید سێیەم نێوانگیرییە بۆ كۆبونەوەی لوتكە لەنێوان یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەت نێوان كاك لاهور شێخ جەنگی و كاك مەسعود بارزانی. پێشتر دوو هەوڵی دیكە لەلایەن پارتیەوە هەبووە لەڕێگەی سەرۆك كۆماری عیراق و سكرتێری حزبی سۆسیالستی كوردستان هەبووە، بەڵام دیارە ئەمجارە جۆرێك لەخاوبونەوەو تێگەیشتنی باشتر هەیە.

با واز لەوەبێنین كێ‌ دەستپێشخەربووە، بەڵام ئەوەی گرنگە چی بكرێت بۆ خاوكردنەوەی گرژییەكان و لانیكەم دانوستان بۆ گەیشتنە لێكتێگەیشتنی نوێ‌ سەبارەت بەچۆنیەتی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان و هاوكات یەكخستنی هەڵوێستەكان لەبارەی وڵاتانی هەرێمەكەو بەغدا.

ئەوەی زانراوە لەو دیدارانەدا لاهور شێخ جەنگی ئامادەیی خۆی بۆ دیداری بارزانی دەربڕیوە بەمەرجی بوونی وەرەقەیەكی پێشوەختەو دیدارێكی هاوسەنگ، نێردەكەی هەولێریشی دڵنیاكردۆتەوە كە سلێمانی بەنیازیی جیابونەوە نەبووەو نییە. هەروەك بارزانیش گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی كە بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە زیانێكی گەورە بەهەمووان دەگەینێت.

بەرلەماوەیەك دوو هاوڕێی خۆشەویستى پارتیم لەهەولێر بینی، مەبەستیان بوو هەندێك زانیارییان لەبارەی تێگەیشتنی یەكێتیی دەستبكەوێت، یەكێكیان بێگومان لەحوكمڕانانی ئێستای پارتی زۆر نزیك بوو.

بەمشێوەیە بۆچوونی خۆم خستەڕوو:ئەگەر پارتی و یەكێتی بیانەوێت دۆخی هەرێمی كوردستان سەقامگیربێت، پێویستە رێككەوتنێكی گشتگیرو سەقامگیر لەنێوان هەردوولا بكات و لەگەڵ ئاراستەی بڕیاردەری یەكێتیی گفتوگۆبكات و رێككەوێت. ئەو رێككەوتنە پرەنسیپی بەیەكەوە كاركردنی هەردولا دابڕێژێت، لەسەر دوو بنەمای سەرەكی بنیاتبنرێت؛ یەكەمیان شەراكەتی راستەقینە لەجومگەكانی حكومڕانیی و بەیەكەوە بڕیاردان. دوومیشیان یەكخستنی تێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەكان و پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمەكەو بەغدا.بۆ رەخساندنی زەمینەی دانوستان و زیاتركردنی چانسی سەركەوتنی گفتوگۆی نێوان هەردولا، پێویستە چەند هەنگاوێكی گرنگ بنرێت؛ یەكەمیان دەستبەجێ‌ ئەو شەڕە ئیعلامییەی نێوان هەردولا بەتەواوی رابگیرێت بەرەسمیی و سێبەرەوە، چونكە پێدەچێت كاریگەری زۆر خراپی لەسەر پەیوەندی هەردولا جێهێشتبێت.

بەتایبەت ئەو شەڕە ئیعلامیەی هەیە لەنێوان ئاراستەی لاهور شێخ جەنگی لەناو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و ئاراستەی مەسعود بارزانیی و مەسرور بارزانی كوڕی لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان. هەروەك دیداری لوتكە لەشوێنێك بێت هەستیاریی لەسەر هەردولا دروستنەكات و لەبری گرفت، هاندەربێت بۆ زیاتر نزیكبونەوەو خاوبونەوەی گرژییەكان. هەندێك پێیانوایە سەرۆكایەتی هەرێم شوێنێكی گونجاوە، بەوپێیەی نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێم، لەماوەی دوو ساڵی رابردوو هەم پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هەبووەو هەمیش نەبۆتە تەرەف لەململانێكانی ناوخۆی كوردستان.

هەنگاوی دووەم؛ دیداری لوتكە و هاوسەنگ لەنێوان لاهور شێخ جەنگی و مەسعود بارزانیی لانیكەم بۆ رەواندنەوەی گرژییەكانی رابردوو، رەخساندنی زەمینەی دیداری دیكە. من پێموایە ئەگەر پارتی بیەوێت لەتێگەیشتنی یەكێتیی بگات “دەبێ‌ لەگەڵ خاوەن ماڵ گفتوگۆ بكات”.لەهەموو ئەوانە گرنگتر، ئامادەكردنی نەخشەڕێیەكی روون كە تەنها بریتی نەبێت لە لەڕێككەوتنی دوو حزب كە هێزی چەكداریان هەیەو گرژیی لەنێوانیاندا هەیە، بەڵكو نەخشەڕێیەك بێت، زەمینەی بەشداری پێكردنی هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لەگفتوگۆیەكی نیشتیمانیی دروستبكات بەئاراستەی لەمشتوماڵكردنەوەی نێوماڵی كوردستان و رێككەوتن لەسەر چاككردن و چاكسازیی لە حكومڕانیی و هێوركردنەوەی باری دەروونی خەڵكی كوردستان.

چونكە دەبێت هەمووان لەوە دڵنیابن، ئەم حكومڕانییەی ئێستا نەك هەموو خەڵكی كوردستان، بەڵكو زۆرینەی جەماوەرو دەنگدەرانی پارتی و یەكێتیش لێی رازی نین، ئەگەر 100 ساڵی دیكەش ئەم ململانێیە بەردەوام بێت هەردەبێ‌ لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەری بكەن.بەمنزیكانە وتارێك لەژێر ناونیشانی “بارزانی لەغیابی تاڵەبانی) بەدرێژیی باسی ژیانی سیاسی لەغیابی مامجەلال لەماوەی 9 ساڵی رابردوو دەكەم.

ھەواڵی زیاتر