مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو لە کاتێکدا کە لە کۆنفڕانسێکی کوردی کێشەم لەگەڵ چەند لایەنگرێکی پەکەکە بۆ دروست بوو لە ئەڵمانیا، لە کاتی کارکردنم سوکایەتیان دەکردو هەوڵیاندەدا پەلامارم بدەن، چەند ڕۆژێک دواتر هاوڕێیەکم تەلەفۆنی کرد کە شێروان شێروانی لە کوردستان خەریکە زانیاری دەربارەی تۆ کۆدەکاتەوەو پرسیاری ناوو ناونیشانی تۆی لە ئەڵمانیا لە چەندین کەس کردوەو دەربارەی خانەوادەکەشم پرسیاری کردوە.
بەو ڕەفتارەی نیگەران بووم و دوای بەدواداچوونم دڵنیا بوومەوە کە ئەو کوڕە خەریکی جاسوسیە بە سەر منەوە، چونکە لە هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن کارناکات و منیش هیچ بابەتێکی هەواڵیم تێدا نیە ڕۆژنامەنووسێک بەدواداچوونی تێدا بکات و بیەوێت هەواڵم لە بارەوە بکات، پەیوەندی بە خودی خۆشمەوە نەکردوە بزانم ئەو زانیاریانەی بۆ چیە.
ئەندامێکی خانەوادەکەم تەلەفۆنی بۆ شێروان کردو ئەویش ئینکاری لە بابەتەکە نەکردبوو ئاشکرای نەکرد کە زانیاریەکانی بۆ چیە، کۆمەڵێک قسەی عەلەق و بەلەق و هاشوهوش و بە شێواوی تەلەفۆنەکەی داخستبوو، گوتبووی گوایە شەوقی دژایەتی ئەوان دەکا. ئەوکات شکاتم لێنەکردو لە بەر سەرقاڵی نەمویست کات بەو فاشیلانەوە بکوژم و وازملێهێنا، لە خۆی و حیزبەکەشی و ئەو جەماعەتەی ئێرەشیان بێمنەت بووم، بەڵام بۆم دەرکەوت ئەو کوڕە خەریکی جاسوسیەکە کە خۆی بە وڵاتپارێزی دادەنێت و بەو گێلێتیەشیەوە ڕۆژێک خۆی تووشی بەزمێک دەکات.
پێی دەڵێن ڕۆژنامەنووس، بەڵام قەت نەمزانیوە لە دەزگایەکی دیاری کوردستان بە سیفەتی ڕۆژنامەنووس کاریکردبێت، چەند جارێک لە دەزگا دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن کاریکردوە، بەڵام لە مانگی یەکەمەوە دەرکراوە، چونکە زانیویانە خەریکی کاری ڕۆژنامەنووسی نیەو بە شتی دیکەوە مەشغوڵە، زمانە کوردیەکەشی نە سۆرانیەکەی نە بادینیەکەی بەشی ئەوە ناکات هەواڵێک بەبێ هەڵە و کەموکوڕی بنووسێت و تەنها شێوەزاری ناوچەی خۆی دەزانێت ئەوەش بۆ نووسین نابێت و هیچ زمانێکی بیانیش بە باشی نازانێت، بۆیە ڕووی دابوە سەر قسەو هاشوهوشی سەر تەلەفزیۆن و لایڤی فەیسبووک، چونکە ئەوە خوێندەواری ناوێت.
لە حیزبایەتیشدا هەر زوو لە گۆڕان دوورخرایەوە، کاتێک لە دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ بوو زۆری پێنەچوو بە تۆمەتی جاسوسی دەرکراو بەیاننامەی لەسەر بڵاو کرایەوە.
من پێمناخۆشە ئێستا ئەو کوڕە خۆی و ژمارەیەک گەنجی لە ململانێیەکی ناوخۆی و ئیقلیمیەوە گلاندوەو حوکم کراوە، هیوادارم دادگای تەمیز لە بەرژەوەندی ئەو گەنجانەو خانەوادەکانیان بە حوکمەکەدا بچنەوە، بەڵام دەکرێ ئەوە ببێتە ئەزموون و دەرسێک بۆ بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کە هەر ڕۆژەو شتێکن، ڕۆژێک ڕۆژنامەنووسن و ڕۆژی دواتر دەبنە چالاکوان و خۆپیشاندەرو، ئینجا دەبنە چاودێری سیاسی و دواتر دەبنە پەرلەمانتارو بەرپرسی حیزبی. لە کۆتایشدا بە تۆمەتی جاسوسی دەگیرێن، ڕەنگە خۆشیان سەریان لە خۆیان دەرنەچێت و لە کۆتاییدا نەزانن چین و بۆ وایان بەسەر هاتوە، ئەوە سەرلێشێوان و فەوزایەکی گەورەیەو دەبێت کۆتایی بێت.
شەوقی کانەبی
بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی KNN لە هەولێر