پەیامی سەرکردەکان بۆ کۆچی دوایی د.رۆژ نووری شاوەیس

پەیامی سەرۆک بارزانی

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

 بەداخێكی زۆرەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی شوباتی 2021 پێشمەرگەی ماندوونەناس و تێكۆشەر و خەباتگێڕی نیشتیمانپەروەری گەلەكەمان و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دكتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد. دكتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس ئەو شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە مەزنە بوو كە لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان و پارتی دیموكراتی كوردستان، چ لە سەردەمی شاخ و چ لە قۆناغی سەروەریی یاسا و بەڕێوەبردن و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و قۆناغی دەستوور و بنیاتنانی عێراقی تازە و كاری سیاسی و دیپلۆماسی و شەڕی تیرۆردا بەرگریكاری سەرسەختی بەها و ئامانجەكانی گەلی كوردستان بووە و، هەمیشە ئەرك و كارەكانی دڵسۆزانە و پێشمەرگانە و بە باشترین شێوە ئەنجام داوە.

دكتۆر ڕۆژ تەمەنی خۆی لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان و بەرگریكردن لە خاك و گەل تەرخان كرد و، لەو ڕێگەیەدا پێشمەرگەیەكی بوێر و بە وەفای ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی بوو. كۆچی دوایی دكتۆر ڕۆژ بۆ هەموومان كۆستێكی گەورەیە و لەدەست دانی بۆ خەڵكی كوردستان و پارتی خەسارەتێكی گەورەیە. كوردستان سەركردە و كەڵەپیاو و شۆڕشگێڕێكی مەزنی لەدەست دا. منیش برا و هاوڕێی تەمەن و دۆستی نزیك و هاوسەنگەرێكی خۆشەویستم لەدەست دا.

سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی نیشتیمانپەروەری دكتۆر ڕۆژ و سەركردایەتیی و كادیر و ئەندام لایەنگرانی پارتی و هەڤاڵ و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو دكتۆر ڕۆژ و شاری هەڵمەت و قوربانی و، هەموو خەڵكی كوردستان و ئازادیخوازانی عێراق و جیهان دەكەم.

لە خودای مەزن داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو دكتۆر ڕۆژ بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیه راجعون

مەسعود بارزانی

15ـی شوباتی 2021

 پەیامی نێچیرڤان بارزانی

هەواڵی كۆچی دوایيی پێشمەرگەی فەرماندە و سیاسەتكاری ناوداری كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسيی پارتی دیموكراتی كوردستان د. ڕۆژ نووری شاوەیس، زۆر خەمناك و دڵتەنگی كردین. بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و هەموو گەلی كوردستان دەكەم، هاوخەمی هەر هەمووتانم.د. ڕۆژ وەك پێشمەرگە، فەرماندەیيی چەندین داستان و سەركەوتنی گەورەی پێشمەرگەی كردووه‌. پێشمەرگەیەكی ئازای ئەوتۆ بوو، هەموو هاوسەنگەرێكی، شایەتی بۆ ئازایەتی و پێشڕەوییەكەی ده‌ده‌ن. وەك سیاسەتكار كەسێكی پشوودرێژ و دانوستاندكارێكی زۆر سەركەوتوو بوو، هەمیشە بەبێ دەستهەڵگرتن لە مافەكانی گەلی كوردستان، ڕێگەیەكی سازان و ڕێككەوتنی دەدۆزیەوە. له‌به‌ر لێزانی و سەركەوتوویی لە كاردا، جێگەی ڕێزێكی تایبەتى جەماوەر و سەركردایەتيی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بوو.وەك سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان لە كوردستان، ڕۆڵێكی بەرچاوی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و دەركردنی یاسای زۆر باش بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان هەبووە. لەسەر ئاستی عێراق وەك جێگری سەرۆك وەزیران ڕۆڵێكی بەرچاوی لە پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستاندا هەبوو. لە هەموو قۆناغ و پێگەكانیدا بە ڕاستی و بە كردەوە، نیشتمانپەروەریی ڕاستەقینەی خۆی دەنواند.كاتێك د. ڕۆژ بووە سەرۆكی كابینەی سێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، شانازيی ئەوەم هەبوو وەك جێگری به‌ڕێزيان لە حكوومه‌ت كار بكەم و لە ئەزموون و شارەزاییەكەی فێر ببم، هەروەك چۆن خۆی و نەوەی زێڕینی سەركردایەتيی پارتی، دوای كۆچی دوایيی باوكم، زۆریان فێر كردم و زۆریش پشتیوانم بوون. د. ڕۆژ وەك یەكێك لەو نەوە زێڕینەی پارتی كه‌ جێگەی ڕێزێكی زۆر تایبەتن، له‌ ڕۆژگارى زۆر سه‌خت و ته‌نگانه‌دا هەر زوو ئاڵای خەباتیان بەرز كردەوە و بە دڵگەرمییەكی زیاترەوە درێژەیان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی نیشتمانيی كوردستان دا.د. ڕۆژ نووری شاوەیس كە لەدایك وباوكییەوە ڕۆڵەی بنەماڵەیەكی ناودار و ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕی سلێمانی بوو. كەسێكی زۆر بە توانا بوو، هەموو توانا و گەنجييه‌تيی خۆی بەخشییە گەلەكەی. لەدەستدانی، زیانێكی زۆر گەورەیە بۆ هەموو گەلی كوردستان، بۆیەش پرسه‌كه‌ى، پرسەی هەموو گەلی كوردستانە. د. ڕۆژ بە تێكۆشانی سەخت و دڵسۆزانەی بۆ نەتەوەكەی و هەموو گەلی كوردستان، ناوی خۆی بۆ هەمیشەیی لە مێژووی كوردستاندا نەخشاند.خوای مه‌زن گيانى شاد بكات و دڵنەوایی بە بنەماڵە و كەسوكار و هەڤاڵانى و هه‌موو گەلی كوردستان ببەخشێت.

پەیامی مەسرور بارزانی

بە خەمگینی و ماتەمینیەکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی سیاسەتکار و پێشمەرگەی ئازا و فەرماندەی بە توانا و تێکۆشەری ناسراوی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، (د. ڕۆژ نووری شاوەیس) لە ناخەوە زۆر خەمباری کردم.

د.ڕۆژ و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی ، ڕۆڵێکی دیار و گرنگییان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا هەیە و بە کۆچی دوایی د.ڕۆژیش، گەلی کوردستان تێکۆشەرێکی گەورە و سیاسەتکارێکی بە ئەزموونی لە دەستدا کە لە هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییە گرنگانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیبووە ، هەمیشە داکۆکیکارێکی بەهێزی مافەکانی خەڵکی کوردستان بوو و نموونەی وەفاداری بوو.  

بەم بۆنە خەمناکەوە ، پرسە و سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە خۆمان و بنەماڵەی بەڕێز و تێکۆشەری خوالێخۆشبوو  د. ڕۆژ دەکەم . خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامیی و دڵنەواییش بە هەموومان ببەخشێت.

خەبات و تێکۆشانی د.ڕۆژ، هەمیشە لە یادماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/2/15

بەرێز/ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی دوایی بەڕێز (د. ڕۆژ نوری شاوەیس) ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی – یمان پێگەیشت.

د. نوری ڕۆژ شاوەیس تێكۆشەر و سیاسەتمەدارێكی بەئەزموون بوو، بەشی زۆری تەمەنی لە خەبات و تێكۆشان و خزمەتكردن لە بواری سیاسی ‌و راپەراندنی ئەركی حكومەت دا بەسەربرد. بەداخەوەین بۆ لەدەستدانی.

پرسە و سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و تەواوی ئەندامانی خانەوادەی (نوری شاوەیس) دەكەین. خۆمان بەهاوبەشی خەمیان دەزانین. لە یەزدانی مەزن داواكارین دواناخۆشیتان بێت.

انا لله وانا الیه راجعون

مەكتەبی سیاسی

یەكێتییی نیشتمانیی كوردستان

15/2/2021

پەیامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بەڕێز/ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

بابەت/ پرسەنامە

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی دوایی بەڕێز (د. رۆژ نووری شاوەیس) ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی – یمان پێگەیشت.

د. رۆژ نووری شاوەیس تێكۆشەر و سیاسەتمەدارێكی بە ئەزموون بوو، بەشی زۆری تەمەنی لە خەبات و تێكۆشان و خزمەتكردن لە بواری سیاسی ‌و راپەراندنی ئەركی حكومەت دا بەسەربرد. بەداخەوەین بۆ لەدەستدانی.

پرسە و سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و تەواوی ئەندامانی خانەوادەی (نووری شاوەیس) دەكەین. خۆمان بەهاوبەشی خەمیان دەزانین. لە یەزدانی مەزن داواكارین دواناخۆشیتان بێت.

انا لله وانا الیه راجعون

مەكتەبی سیاسی

یەكێتییی نیشتمانیی كوردستان

15/2/2021

ھەواڵی زیاتر