ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کچێکی تەمەن 27 ساڵان لە گەڕەکێکی سلێمانی بە پەت خۆی دەخنکێنێت، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرا لە سلێمانیش دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە دەکەن.
سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرا لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەو کچە لەگەڵ دایکیدا ژیاوە و پێش ماوەیەکیش دایک و باوکی لێک جیابوونەتەوە. “بۆیە گومان دەکرێت هۆکاری خۆخنکاندنەکەی کێشەی خێزانی بووبێت”.
ماڵی ئەو کچە لەسەر شەقامی سالم بووە لە سلێمانی کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شارەوە، تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی 122 براوەتە پزیشکی دادی و لەوێ بۆیان دەرکەوتووە کە بەپەت خۆی خنکاندووە.
کچەکە ناوی (ک. فـ)ـە و تاوەکو ئێستاش پۆلیسی سلێمانی روونکردنەوەی لەبارەی رووداوەکە نەداوە. پەیامنێری رووداو چووەتە بەردەم ماڵی ئەو کچەی خۆی خنکاندووە، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە لێدوان لەبارەی رووداوەکە بدەن و قسە بۆ میدیاکان بکەن. هۆکارەکەیشی بۆ “کێشەی خێزانی” دەگێڕنەوە.