وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییە فیدراڵییەكان بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەریەك لە بەڕێوبەرایەتییەكانی بەنداوەكانی هەرێم و رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان. بە پێوستمان زانی بۆ هەموو لایەك روونبكەینەوە كە:
1- كۆی گشتی تەمویلی (پارەداركردنی) پێویست بۆ مووچەی یەك مانگی فەرمانبەرانی رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان نزیكەی شەش ملیار و 250 ملیۆن دینار دەبێت.
2- لە كۆی ئەم بڕە پارەیە مانگانە حكومەتی ناوەند نزیكەی ملیارێك و 862 ملیۆن دیناری بۆ (4700) مووچەخۆری رەگەزنامەی هەرێمی ناردووە.
3- ئەو پارەیەش نزیكەی 25%ی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە دەكات. واتە بە تەمویلی چوار مانگی بەغدا بۆ ئەم مووچەخۆرانە تەنیا دەتوانرێت مووچەی یەك مانگی پێ دابین بكرێت.
4- سەرەڕای ئەمەش هەریەك لە مانگەكانی10- 11-12 ساڵی رابردوو لەگەڵ مانگی یەكی 2021 هیچ بڕە پارەیەك لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێم نەنێردراوە تاوەكو مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان و رەگەزنامەی هەرێم دابەش بكرێت.
5- بەدەر لەوانەش مانگی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بێ لێبڕین، مووچەمان بۆ بەڕێوبەرایەتی رەگەزنامەی هەرێم دابینكردووە.
6- لە ئێستادا بەهۆی نەناردنی مووچەی ئەو بەڕێوبەراتیانە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامانجی دادپەروەری بۆ هەمووان بە هەمان میكانیزمی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە، موچەیان بەسەردا دابەش بكرێت.