سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، سبەی یەکشەممە کۆدەبینەوە، بەڵام بەبێ بەشداریکردنی فراکسیۆنە کوردستانییەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوای دواخستنی کۆبوونەوەکەیان کردبوو.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 15-11-2020 سێ سەرۆکایەتییەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، هەرچەندە سەرەتا بڕیاربوو فراکسیۆنە کوردستانیەکانی بەغداش بەشداری بکەن، بەڵام دواتر ئەمە ڕەتکرایەوە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت “مەكتەبی سیاسی بەڕەسمی داوا لەهەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دەكات، كە كۆبوونەوەی راگەیێنراوی سبەی 15-11-2020 دوابخات بۆ كاتێكی دیکە، بۆ ئەوەی هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، كە نوێنەریان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە بەشداربن.”
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەم پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسندکرد. بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێندراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریی بکات، بۆیە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانن، هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا و دەڵێن، ئەگەر پابەندبن بە نێوەڕۆکی یاسای قەرزەوە، دەتوانن لەجیاتی 320 ملیار دینار، زیاتریش وەربگرن.