واشنتن دەترسێت تاران تۆڵەی سولەیمانی لێبكاتەوە

هه‌ندێك به‌ڵگه‌ی دزه‌پێكراو، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌رپرسانی ئه‌منیی ئه‌مه‌ریكا له‌ سه‌روبه‌ندی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماده‌كاریان كردووه‌، بۆ رێگرتن له‌ هه‌ر هێرشێكی تۆڵه‌ستێنی ئێرانی له‌سه‌ر خاكی ئه‌مه‌ریكا.

قاسم سوله‌یمانی، به‌ره‌به‌یانی 3ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2020، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا له‌ لایه‌ن فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ كرایه‌ ئامانج.

گۆڤاری ناشیۆناڵ ئنترست، له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌رپرسانی ئه‌منی ئه‌مه‌ریكا پێشبینیان كردووه‌، ئێران له‌ خاكی ئه‌مه‌ریكادا كرده‌ی تۆڵه‌ئه‌ستێنی ئه‌نجام بدات.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتی گۆڤاره‌كه‌، له‌ 1980ه‌وه‌ تا ئێستا ئێران و ئه‌و هێزانه‌ی پشتیوانیان ده‌كات، هیچ كه‌سێكیان له‌سه‌ر خاكی ئه‌مه‌ریكا نه‌كوشتووه‌. به‌رپرسه‌كان بڕوایان وابووه‌، رێبه‌رایه‌تی ئێران هیچ فه‌رمانێكی له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌رنه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌ر بوونی درووست بێت، ره‌نگه‌ فه‌رمانی له‌و جۆره‌ ده‌ربكات.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ریكا ئێران به‌ گه‌وره‌ پشتیوانی تیرۆر له‌ جیهاندا وه‌سف ده‌كات، به‌ڵام له‌ 1980ه‌وه‌ ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی هیچ كرده‌یه‌كیان له‌ سنووری ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام نه‌داوه‌. زیاتر سه‌رنجیان له‌سه‌ر ئه‌فریقا، ئاسیا و ئه‌مه‌ریكای لاتین بووه‌.

به‌ گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ دزه‌پێكراوه‌كان، به‌رپرسانی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا بڕوایان وابووه‌، كوژرانی قاسم سوله‌یمانی به‌زاندنی هێڵی سووره‌ به‌ نسبه‌ت ئێرانییه‌كانه‌وه‌. جۆرێكه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر بوونی ئێران و هه‌ژموونی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

ھەواڵی زیاتر