ئەو ڕۆژەی پێشمەرگە سنووری دەستکردی شکاند و کۆبانێی لە کەوتن پاراست

شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌وكاته‌ی شاری كۆبانێ هه‌ڕه‌شه‌ى كه‌وتنه‌ ده‌ست رێكخراوی تیرۆریستیی “داعش”ى له‌سه‌ر بوو، كوردستانیانیش له‌ رۆژئاواى كوردستان به‌رگری مان و نه‌مانیان له‌و‌ شاره‌ ده‌كرد، له‌و كاته‌دا بوو له‌سه‌ر داوای سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، بۆ پاراستنى كۆبانێ له‌ مه‌ترسییه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستیی “داعش”، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ بڕیاری ژماره‌ی 28 له‌ 22ی ئۆكتۆبه‌ری 2014، ره‌زامه‌ندی دا له‌سه‌ر ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌رگريكردن له‌ كۆبانێ.

ئەوەبوو له‌ رۆژى 28ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2014، یەكەم كاروانی هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان گه‌يشته‌ كۆبانێ.

له‌ رێگاى چوونی بۆ كۆبانێ‌، كاروانى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ بەناو شارەكانی هەرێمی كوردستان و باكوری كوردستاندا تێپەڕی، لەو رێگایەشدا هەزاران كەس لە پێشوازی كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانى پێشمەرگەدا بوون و له‌ زۆربەی شارەكان كاروانەكەیان گوڵ باران دەكرد و ئاڵای كوردستانيان به‌رز ده‌كرده‌وه‌ و دروشمى سەركەوتن به‌ڕێوەیە‌يان ده‌گوته‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانی وه‌ك سه‌رۆك و پێشمه‌رگه‌، هه‌میشه‌ و هه‌رده‌م له‌ خه‌می ته‌واوی خاكی كوردستاندا بووه‌. داوایه‌كی له‌و جۆره‌ش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پارێزگاریكردن له‌ هاونیشتمانیان و پارچه‌یه‌كی دیكه‌ی خاكی كوردستان، ئه‌وه‌ی نیشانی هه‌موو جیهان دا، كه‌ هه‌ر پارچه‌یه‌‌كی خاكی كوردستان و هه‌ر كوردستانییه‌ك له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهاندا بكه‌وێته‌ به‌ر مه‌ترسی، ئە‌وا سه‌رۆك بارزانی به‌ خه‌می خۆی و گه‌لی كوردی ده‌زانێت و ئاماده‌ی هه‌موو جۆره‌ قوربانیدانێكه‌ له‌ پێناویدا. هه‌ر به‌و ‌جۆره‌ش بوو پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌پێناو پاراستنی خاكی پا‌رچه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستان جه‌نگا و نه‌یانهێشت كۆبانێ بكه‌وێت.

كۆبانێ بووه‌ سیمبولی به‌رگری و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دان و سه‌رۆك بارزانیش بووه‌ سیمبولی گه‌لی كورد له‌ ته‌واوی جیهاندا.

دژە تیرۆری کوردستان

ھەواڵی زیاتر