هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا سێ کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز تەقیونەتەوە و ئاگریان گرتووە. ئەو کەشتییانە کاتێک تووشی رووداوەکە بوون کە بە رێڕەوێکی نەخوازراودا تێپەڕیون.
سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: کەشتییەکان سیستەمی رادار و ئاراستەکردنیان کوژاندبووەوە و سەرەڕای هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی، هەوڵیان داوە بەو رێڕەوە باشوورییەدا تێپەڕن کە قەدەخەیە.
بە گوتەی سوپای پاسداران، کەشتییەکان بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینە دەریاییەکان تەقیونەتەوە، هۆشداریشی دا، رێڕەوەکە بە مین چێنراوە و بەرپرسیارێتیی تێپەڕین بەو ناوچانەشی خستە ئەستۆی خاوەن کەشتییەکان و ستافەکانیان.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران جەختیکردەوە، بە توندی رووبەڕووی هەر کارێکی نەخوازراو دەبنەوە کە سوپای ئەمریکا پشتیوانی لێ بکات و رێز لە یاساکانی گەرووی هورمز نەگرێت.
ئەم رووداوانە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەسەر ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا.